رووداو دیجیتاڵ
دوای تێپەڕینی دوو ساڵ بەسەر پەککەوتنی پەرلەماندا، دواجار جووڵە لە پەرلەمانی
کوردستان دروستبوو و بڕیارە چوارشەممە 4-11-2026 وێنەی سەرۆکی خولی شەشەمی پەرلەمان بۆ سەر دیواری هۆڵی پەرلەمان زیاد بکرێت.
پارتی بانگەوازی بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان ئاراستەی لایەنەکان
کرد و سەرۆکی فراکسیۆنی زەرد داوای لە سەرجەم پەرلەمانتاران کرد کاتژمێر 11ی پێشنیوەڕۆی
رۆژی چوارشەممە لە هۆڵی کۆبوونەوەکان ئامادە بن.
ڤالا فەرید، سەرۆکی فراکسیۆنی زەرد لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند:
"لە هۆڵی پەرلەمانی کوردستان ئامادەبین بۆ کۆبوونەوەی تەواوکاریی رێکارەکانی دانیشتنی
یەکەمی خولی شەشەم لەسەر بنەمای بانگهێشتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بە گوێرەی ماددەکانی
46، 47 و 48ی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و ژمارە یەکی ساڵی 1992ی هەموارکراو".
بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان، کۆبوونەوەکە پێویستی بە ئامادەبوونی لانیکەم
50+1ی پەرلەمانتاران هەیە. تاوەکو ئێستا 43 کورسی بە فەرمی یەکلایی بوونەتەوە؛ کە پێکهاتوون
لە 39 کورسیی پارتی، 3 کورسیی کریستیان و تورکمان، و کورسییەکەی پارتی سۆسیال دیموکرات.
هاوکات پەرلەمانتارانیش ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە؛ رێبین محەمەد مەحموود، پەرلەمانتاری
هاوپەیمانیی هەرێمی کوردستان و مونا قەهوەچی، پەرلەمانتاری پارتی چاکسازیی تورکمان
و رامی نووری، پەرلەمانتاری کۆتای کریستیان جەختیان لە بەشداریکردن لە دانیشتنەکەدا
کردووەتەوە بۆ کۆتاییهێنان بە بۆشایی یاسایی.
بەپێی زانیارییەکانی ڕووداو، دوو پەرلەمانتارەکەی بەرەی گەلیش بەشداریی
کۆبوونەوەکە دەکەن و بەمەش تا ئێرە 45 کورسی مسۆگەرە. لە 23 کورسییەکەی یەکێتیش، محەممەد
فەیسەڵ کەریم خان و هەردی سەڵاح لێی کشاونەتەوە و لە ئەگەری بەشدارییان 47 کورسی مسۆگەر
دەبێت.
لە بەرامبەردا، جووتیار یوسف، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی سەوز (یەکێتی) رایگەیاند:
"یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەد لە سەد لەگەڵ کاراکردنەوەی پەرلەماندایە و ئەمە
گومانی تێدا نییە، بەڵام پێمان وایە کاراکردنەوەی پەرلەمان پێویستی بە رێککەوتنێکی
سیاسی هەیە؛ بە بێ رێککەوتنی سیاسی، کاراکردنەوەی پەرلەمان لەدایکبوونی حکومەتێکی ئیفلیجە
و هیچ دیکە، بۆیە بێگومان بەشداری ناکەین".
هەروەها 4 ئەندامەکەی هەڵوێست، کریستیان و تورکمانەکەی سلێمانی، هێرۆ
عەتاری پەرلەمانتاری سەربەخۆ و 15 ئەندامەکەی نەوەی نوێ تا ئێستا بڕیاریان وایە بەشداریی
کۆبوونەوەکە نەکەن. کوردەوان جەمال، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی جووڵانەوەی نەوەی نوێ گوتی:
"وەکو فراکسیۆنی نەوەی نوێ هەر 15 ئەندامەکەمان چاوەڕێی بڕیاری حزبین".
سەبارەت بە هەڵوێستی لایەنەکانی دیکە، 7 ئەندامەکەی یەکگرتوو و ئەندامەکەی
گۆڕان تا ئێستا یەکلایی نەکراونەتەوە، و بەهۆی ئەوەی 2 ئەندامەکەی کۆمەڵ سوێندیان نەخواردووە،
ژمارەی دەنگەکان لە نێوان 50+1 و 50دا دەسوڕێتەوە و کۆبوونەوەکەی چوارشەممە چاوەڕێی
سوپڕایزی دەنگە ناڕوونەکانی هەندێک لە ئەندامانی فراکسیۆنەکان دەکات.
جێی باسە، ئەگەر محەممەد سلێمانی لە نەوەی نوێ ئامادە نەبێت بۆ بەڕێوەبردنی
دانیشتنەکە، سەرۆکی بەتەمەن دەچێتە لای ئازاد محەممەدئەمینی یەکێتی، و ئەگەر ئەویش
ئامادە نەبێت، سێیەم بەتەمەنترین پەرلەمانتار دەکەوێتە لای پارتی کە سەمیرە حەسەنە.


