رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتارێکی پێشووی نەوەی نوێ لە دهۆک دەڵێ، "بۆ بەرژەوەندی گشتی و لەبەر پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان بەشداریی دانیشتنەکە دەکەم و دەنگ دەدەمە دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان."
ئەمڕۆ چوارشەممە 4ی تشرینی دووەمی 2026 شڤان سەعید، پەرلەمانتاری دەستلەکارکێشاوەی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "تاوەکو درەنگی شەوی رابردوو گفتوگۆم لەسەر بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکە کردووە، لە کۆتاییدا گەیشتمە ئەو بڕوایەی لەبەر بەرژەوەندیی گشتی، پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و کاراکردنی پەرلەمان بەشداری لە دانیشتنەکەدا بکەم."
شڤان سەعید گوتیشی، "وەک پەرلەمانتار هاونیشتمانییان دەنگیان پێداوم پارێزگاری لە مافەکانیان بکەم، هەر بۆیە پێویست بوو ئەمڕۆ سەرجەم لایەنەکان لە کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان ئامادەبن."
سەبارەت بەوەی پەیوەندیی بە نەوەی نوێوە ماوە، ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوە کرد، "لەو رۆژەوەی جووڵانەوەی نەوەی نوێ رێککەوتنی لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان واژۆ کرد، پەیوەندیم پێیانەوە نەماوە، ئێستا وەک پەرلەمانتاری سەربەخۆ لە پەرلەمان کار دەکەم."
لەبارەی رێککەوتنەکەی نەوەی نوێ و یەکێتی، شڤان سەعید گوتی، "یەکێتی و پارتی هۆکاری هەموو کێشەکانی هەرێمی کوردستانن، ئەگەر نەوەی نوێ لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستانیشدا رێککەوتنی بکردایە، بە هەمان شێوە وازم لە نەوەی نوێ دەهێنا."
ئەو پەرلەمانتارەی پێشووی نەوەی نوێ جەختی لەوە کردەوە، "ئەگەر ئەمڕۆ پەرلەمانی کوردستان کارا بکرێتەوە و دەستەی سەرۆکایەتی بخرێتە دەنگدانەوە، دەنگی پێ دەدەم."
.jpg&w=3840&q=75)
