رووداو دیجیتاڵ
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت: بڕیاری ئەمڕۆی ئێوە، وەفادارییە بۆ خوێنی شەهیدان و ویستی دەنگدەران و ئەم هەنگاوە، سەرخستنی ئیرادەی خەڵکی کوردستانە.
رۆژی چوارشەممە، 4ـی تشرینی دووەمی 2026، مەسرور بارزانی لە پەیامێکدا "پیرۆزباییەکی گەرمی" لە سەرۆکی هەڵبژێردراوی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، جێگر و سکرتێری پەرلەمان کرد.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستخۆشی لەو پەرلەمانتارانە کرد کە بەشدارییان لە دانیشتنەکەدا کردووە و بە "ئەندام پەرلەمانە نیشتمانپەروەر، تێکۆشەر، چاونەترس و خەمخۆرەکانی هەرێمی کوردستان" ناوی بردن بۆ هەوڵەکانیان لەپێناو "پارێزگاریکردن لە شەرعییەت و کاراکردنەوەی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان."
مەسرور بارزانی لە پەیامەکەیدا رایگەیاند: "بڕیاری ئەمڕۆی ئێوە، وەفادارییە بۆ خوێنی شەهیدان و ویستی دەنگدەران و ئەم هەنگاوە، سەرخستنی ئیرادەی خەڵکی کوردستانە." هاوکات جەختیشی لەوە کردەوە کە کاراکردنەوەی پەرلەمان "پابەندبوون و پێگیریکردنە بە جێبەجێکردنی پرۆسەی دیموکراسی."
سەبارەت بەو پەرلەمانتارانەی بەشداریی کۆبوونەوەکەیان نەکردووە، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان هیوا دەخوازێت لە رۆژانی داهاتوودا ئەوانیش بەشداریی کۆبوونەوەکانی پەرلەمان بکەن و "ئەرکی نیشتمانی و شەرعی و ئەخلاقیی خۆیان جێبەجێ بکەن و لە ئاستی بەرپرسیارێتی و متمانەی دەنگدەرانیان بن."
هاوکات مەسرور بارزانی داوایەکی ئاراستەی سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکان کرد و گوتی: "داوا لە گشت لایەنەکان دەکەم، لەپێناو بەرژەوەندیی نیشتمانی، بێنە پێشەوە، بۆ ئەوەی پێکەوە، خزمەتێکی شایستەتری گەل و نیشتمانمان بکەین و دەستکەوتە دەستوورییەکانمان بپارێزین."
دەقی پەیامەکە
پەیامێک لە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە
پیرۆزباییەکی گەرم لە سەرۆکی هەڵبژێردراوی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان و جێگر و سکرتێری پەرلەمان دەکەم.
هەروەها پیرۆزبایی و دەستخۆشی لە ئەندام پەرلەمانە نیشتمانپەروەر و تێکۆشەر و چاونەترس و خەمخۆرەکانی هەرێمی کوردستان دەکەم بۆ پارێزگاریکردن لە شەرعیەت و کاراکردنەوەی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان.
بڕیاری ئەمڕۆی ئێوە، وەفادارییە بۆ خوێنی شەهیدان و ویستی دەنگدەران و ئەم هەنگاوە، سەرخستنی ئیرادەی خەڵکی کوردستانە.
کاراکردنەوەی پەرلەمان، پابەندبوون و پێگیریکردنە بە جێبەجێکردنی پرۆسەی دیموکراسی.
هیوادارم لە ڕۆژانی داهاتوودا، ئەندام پەرلەمانەکانی تریش، بەشداریی کۆبوونەوەکانی پەرلەمان بکەن و ئەرکی نیشتمانی و شەرعی و ئەخلاقیی خۆیان جێبەجێ بکەن و لە ئاستی بەرپرسیاریەتیی و متمانەی دەنگدەرانیان بن.
هەر لێرەشدا داوا لە گشت لایەنەکان دەکەم، لە پێناو بەرژەوەندیی نیشتیمانی، بێنە پێشەوە، بۆ ئەوەی پێکەوە، خزمەتێکی شایستەتری گەل و نیشتمانمان بکەین و دەسکەوتە دەستوورییەکانمان بپارێزین.
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
2026/11/4


