رووداو دیجیتاڵ
بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایدەگەیێنێت، وەکو یەکێتی دان بە دانیشتنەکەی پەرلەمانی کوردستاندا نانێن و لە حکومەت دەکشێنەوە. هەروەها دەڵێت، "بەڵێنمان داوە نەهێڵین یەک دڵۆپ خوێن بڕێژرێت".
قسەکانی بافڵ تاڵەبانی دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی حیزبەکەی بوو لە سلێمانی رۆژێک دوای کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان لە هەولێر کە بە ئامادەبوونی 52 پەرلەمانتاری پارتی و لایەنەکانی دیکە، دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان هەڵبژێردرا.
بافڵ تاڵەبانی باسی پێکهێنانی حکومەتی کرد، دەڵێت: هەر جارێک بەرەوپێشچوون هەبووبێت، تێکدراوە. هەروەها گوتی، سەرکردایەتیی حیزبەکەی دەسەڵاتی پێی داوە بەبێ گەڕانەوە بۆ ئەوان بڕیار بدات.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، دوای بڕیاری کشانەوە، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و تیمی یەکێتی لە حکومەت، نووسینگەکانیان لە هەولێر جێدەهێڵن و دەچنەوە سلێمانی.
بافڵ تاڵەبانی گوتیشی: "لە ئەم دەقەیەوە لەم حکومەتە دەکشێینەوە.. هەموو هێزمان بەکاردەهێنێن خەڵکی خۆمان لە دەڤەرەکەی خۆمان چییان پێویستە بۆیان بکەین."
دوای کۆبوونەوەی پەرلەمان، پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، ئەو کۆبوونەوەیە سەرکەوتنی هیچ لایەنێک نییە و شکستی لایەنێکی دیکە بێت، بەڵکو سەرکەوتنە بۆ گەلی کوردستان.
بافڵ تاڵەبانی داوا دەکات خەڵکی هەرێمی کوردستان نەترسێندرێن و دەڵێت، "وەکو یەکێتی ناهێڵین یەک دڵۆپ خوێنی خەڵکی کوردستان بڕژێت."
دانیشتنەکەی پەرلەمانی کوردستان دوای زیاتر لە دوو ساڵ بوو لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی 2024، ئەمڕۆ پێنجشەممەش کۆنسووڵ و نوێنەرانی وڵاتان سەردانی پەرلەمانیان کرد.
د. ڤالا فەرید، سەرۆکی نوێی پەرلەمانی کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا رایگەیاند، کاراکردنەوەی پەرلەمان هەنگاوێکی پێویست بووە بۆ پاراستنی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان و دژی هیچ هێز و لایەنێکی سیاسی نییە. ئاماژەی بەوەش کرد، دوو ساڵ دواکەوتنی ئەم پرۆسەیە "مەترسی لەسەر مانەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان دروستکردبوو."
بافڵ تاڵەبانی لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد، لە ئەگەری دروستکردنی حکومەت و دامەزراوەکانی دیکە، هەمان پۆست لە سلێمانیش دادەنێت.

