رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتارێکی پارتی دیموکراتی کوردستان، کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان بە "هەنگاوێکی مێژوویی و پێویست" وەسف دەکات و جەخت دەکاتەوە کە پرۆسەکە بە تەواوی یاسایی بووە. هاوکات دەڵێت: پارتی دیموکراتی کوردستان دەرگای گفتوگۆی دانەخستووە و نایەوێت بەبێ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کابینەی نوێی حکومەت پێکبهێنێت.
د. شەهرام عەلی کەژۆ، لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆدا رایگەیاند: دۆخی هەستیاری ناوچەکە رێگە نادات دامەزراوەیەکی گرنگی وەکو پەرلەمان داخراو بێت و دەڵێت: "پێویست بوو پەرلەمان کارا بکرێتەوە و هیچ خاڵێکی نایاساییش لە دانیشتنەکەدا نەبووە، تەنانەت دادگەی فیدراڵیی عێراقیش ناتوانێت هیچ کەموکوڕییەکی یاسایی لە پرۆسەی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان بدۆزێتەوە."
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی ئاماژەی بەوەش کرد، لە دانیشتنەکەدا نوێنەرانی هەر چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان (هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە) بەشدار بوون، بۆیە "پێویست نییە پەرلەمان بکرێتە بەشێک لە ململانێ و ناکۆکییە سیاسییەکان، بەڵکو بەپێچەوانەوە دەکرێت پەرلەمان هەم کاروباری ئاسایی خۆی ئەنجام بدات بە بەشداریی هەموو ئەندامەکانی و هەمیش رۆڵی هەبێت لە کەمکردنەوەی گرژییە سیاسییەکان".
سەبارەت بە هەڵوێستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش، د. شەهرام عەلی کەژۆ ئاشکرای کرد، نوێنەرانی وڵاتان خۆشحاڵ بوون بە کاراکردنەوەی پەرلەمان و گوتیشی: "نوێنەری یەکێتیی ئەورووپا داوای کردووە کە بە زووترین کات کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکبهێندرێت."
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا سەبارەت بە پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پەیوەندییان لەگەڵ لایەنەکان، د. شەهرام عەلی کەژۆ دووپاتی کردەوە کە پارتی دەرگای گفتوگۆی دانەخستووە و ڤیتۆی لەسەر بەشداریی هیچ لایەنێک نییە لە کابینەی حکومەت.
لەبارەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش گوتی: "پارتی هیچ کات یەکێتی نادیدە ناگرێت و نایەوێت بەبێ ئەو حیزبە حکومەت پێکبهێنێت، تەنانەت لە خولی چوارەم و پێنجەمی پەرلەمانیش دەمانتوانی بەبێ یەکێتی حکومەت پێکبهێنین، بەڵام نەمانکرد."
بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارەی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەپێی پەیڕەو پێویستە لە ماوەی 25 رۆژدا دوای هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی، سەرجەم لیژنەکانی پەرلەمانی کوردستان پێکبهێندرێن و گوتیشی: "داوا لە هەموو پەرلەمانتاران دەکەین لە هەموو لایەنەکان، بەو لایەنانەش کە بڕیاریان داوە ببنە ئۆپۆزیسیۆن و بەشداریی حکومەت نەکەن، بێنە نێو پەرلەمان با پەرلەمان کارەکانی خۆی بکات و دانوستاندنەکانی پێکهێنانی حکومەتیش لەلایەن شاندە سیاسییەکانەوە چڕتر بکرێنەوە."
دوای دوو ساڵ لە ئەنجامنەدانی کۆبوونەوە، رۆژی چوارشەممە (4ـی تشرینی دووەمی 2026)، بە ئامادەبوونی 52 پەرلەمانتاری فراکسیۆنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، سۆسیالیست و بەرەی گەل، نوێنەرانی پێکهاتەکان و ژمارەیەک پەرلەمانتاری سەربەخۆ، پەرلەمانی کوردستان کاراکرایەوە و دەستەی سەرۆکایەتی هەڵبژێردرا.

