رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی بارانێکی بەخوڕ لە قەزای پرسووسی سەر بە پارێزگای رووها لە باکووری کوردستان، رێڕەوەکانی ئاو گیران و بەهۆیەوە لافاو نزیکەی 300 دۆنم زەویی کشتوکاڵی داپۆشیوە و زیانێکی زۆری بە جووتیاران گەیاندووە.
لە ناوچەکانی باکووری قەزای پرسووس، بارانی بەخوڕ بووە هۆی ئەوەی کە گژوگیا و لقی دارەکان رێڕەوەکانی ئاو بگرن و کەناڵەکانی ئاوەڕۆ سەرڕێژ بکەن.
ئاوی بارانەکە گەیشتووەتە ئەو ناوچانەی کە ماوەی هەفتەیەکە یەک دڵۆپ بارانیان لێ نەباریوە و زەوییە کشتوکاڵییەکانی داپۆشیوە. لە گوندی پنارباشی سەر بە قەزاکە، نزیکەی 300 دۆنم زەوی کە بە گەنمەشامی چێندرابوون، ژێرئاو کەوتن.
بەهۆی مانەوەی بەرهەمەکان لەژێر ئاودا زیانێکی مادیی گەورە بەر جووتیاران کەوتووە.
لە کاتێکدا هەندێک ناوچە بەهۆی لافاوەوە زیانیان پێگەیشتووە، هەندێک ناوچەی دیکە بەدەست وشکەساڵییەوە دەناڵێنن.
خەلیل ئادا، یەکێک لەو جووتیارانەی کە زەوییەکەی ژێرئاو کەوتووە، داوای لە بەرپرسان کرد کە پرد و رێڕەوە گیراوەکان بکەنەوە. ئادا گوتی: "لە گوندەکەمان یەک دڵۆپ باران نەباریوە، بەڵام کاتێک لە گوندەکانی سەرەوە باران دەبارێت، هەموو ئاوەکە دێت بۆ لای ئێمە. پێویستە ئەو شوێنە گیراوانە بکرێنەوە. هەموو ساڵێک ئێمە باجی ئەمە دەدەین. زیانمان زۆرە. ناتوانین گەنمەشامییەکەمان بدروینەوە، چونکە ئامێری دروێنە ناتوانێت بێتە نێو زەوییەکەوە."
پارێزگای رووها لە بەرهەمهێنانی گەنمەشامیدا لەسەر ئاستی تورکیا لە پلەی دووەمدایە. رووها بەتەنیا نزیکەی 10%ـی گەنمەشامیی تورکیا دابین دەکات.

.jpg&w=3840&q=75)
