رووداو دیجیتاڵ
ئەو زەوییە کشتوکاڵییانەی کەرکووک کە دەکەونە سنووری ماددەی 140 و خاوەندارێتییان یەکلانەبووەتەوە، نەخراونەتە پلانی کشتوکاڵییەوە کە زۆرینەی خاوەنەکانیان کورد و تورکمانن. نووسراوێک ئاراستەی وەزارەتی کشتوکاڵ کراوە بۆ ئەوەی بخرێنە پلانەوە تاوەکو ئەو کاتەی چارەنووسیان یەکلا دەبێتەوە.
محەممەد ئەمین، یەکێک لە نوێنەرانی جووتیارانی کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: ئەو زەوییانەی کورد و تورکمان نەخراونەتە نێو پلانی کشتوکاڵی بۆ چاندنی گەنمی ساڵی داهاتوو کە لە سنووری ماددەی 140ـی دەستوورن و زۆرینەی خاوەنەکانیان کورد و تورکمانن، بەوپێیەش هەر تۆنێک گەنمی ئەو زەوییانە بە زیاتر لە 200 هەزار دینار کەمتر وەردەگیرێت.
وەزارەتی بازرگانیی عێراق تۆنێک گەنمی پلە یەکی نێو پلانی کشتوکاڵی بە 700 هەزار دینار وەردەگرێت، بەڵام ئەوانەی لە دەرەوەی پلانی کشتوکاڵین تۆنێکی بە 500 هەزار دینار لێ وەردەگیرێت.
بەگوێرەی نووسراوێک کە زوهێر عەلی حوسێن، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی کەرکووک ئاراستەی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراقی کردووە، داوای کردووە ئەو زەوییانەی کە ماددەی 140ـی دەستوور دەیانگرێتەوە و تاوەکو ئێستا چارەنووسیان یەکلا نەبووەتەوە، بخرێنە نێو پلانی کشتوکاڵی شارەکە تاوەکو خاوەندارێتییان یەکلا دەکرێتەوە.
عەبدوڵڵا میروەیس، سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، یەکێک لە مەرجەکانی ئەوەی زەوییەک بچێتە نێو پلانی کشتوکاڵی دەبێت گرێبەستەکەی نوێ بێت یان بە ناوی ئەو کەسەوە بێت کە دەیچێنێت، چارەسەری تۆمارنەکردنی ئەو زەوییانە لەنێو پلانی کشتوکاڵی لە رێگەی جێبەجێکردنی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی کاروباری باکوور و بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕشی دەسەڵاتی پێشووی عێراق دەبێت.
لە ساڵی 2012ـەوە بڕیارەکانی ئەنجوومەنی کاروباری باکوور هەڵوەشێندراونەتەوە کە بۆ داگیرکردنی زەویی کورد و تورکمان دەرکرابوون، بەڵام بەشێکی زۆریان بە کرداری نەگەڕاونەتەوە بۆ خاوەنەکانیان، لە ساڵی 2025 پەرلەمانی عێراق یاسایەکی دەرکرد بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕش بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو زەوییانە، ئەویش بەهۆی ئەوەی رێنمایی لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە بۆ دەرنەکراوە، نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
لە سنووری کەرکووک 850 هەزار تۆن گەنم وەرگیراوە کە 500 هەزار تۆنی لە سنووری پلانی کشتوکاڵی بووە، بەوپێیە 41%ـی زەوییەکانی ماددەی 140 لە دەرەوەی پلانەکەن.
.jpg&w=3840&q=75)


