رووداو دیجیتاڵ
لە گەڕەکێکی کەرکووک بەهۆی پرسیارکردنی دوو سەرنشینی ئۆتۆمبێلێک لە کۆمەڵێک گەنج، شەڕ و دەمەقاڵێ دروستبوو؛ دوو کەس کوژران و چواری دیکەش بریندار بوون.
هێوا حوسامەدین، پەیامنێری رووداو لە کەرکووک، رۆژی هەینی، 6ـی تشرینی یەکەمی 2026، لە شوێنی رووداوەکەوە رایگەیاند: "درەنگی شەوی رابردوو لە گەڕەکی غەرناتەی شارەکە، رووداوێکی تەقەکردن روویداوە. بەپێی زانیاریی هێزە ئەمنییەکان، حەوت گەنج لە باخچەیەکی گەڕەکەکەدا خەریکی خواردنەوەی کحوول بوون، کاتێک ئۆتۆمبێلێک بەلایاندا تێپەڕیوە، دوو کەس لە نێو ئۆتۆمبێلەکەدا بوون و لە گەنجەکانیان پرسیوە کە لەو نزیکانە توالێت هەیە یان نا".
ئەم پرسیارە گەنجەکانی تووڕە کردووە و سەرەتا بووەتە دەمەقاڵێ و شەڕە بۆکس، پاشان هەردوولا چەکیان بەکارهێناوە و تەقەیان لە یەکدی کردووە. لە ئەنجامدا دوو کەس کوژراون و چواری دیکەش بریندار بوون، تەندروستیی یەکێکیان ناجێگیرە و لە نەخۆشخانەیە.
پۆلیسی کەرکووک دەستبەجێ گەیشتووەتە شوێنی رووداوەکە و سەرجەم تۆمەتبارانی شەڕەکەی دەستگیر کردووە.
ئێستا پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ئەم کەیسە کراوەتەوە و هەموو تۆمەتبارەکان بە فەرمانی دادوەر راگیراون.

.jpg&w=3840&q=75)
