رووداو دیجیتاڵ
بە ئامادەبوونی ژمارەیەک رەخنەگر، نووسەر و ئەدیب، رێوڕەسمی واژۆکردنی سێیەمین بەرهەمی هنێر سەلێم بە ناونیشانی "کۆنسێرت بۆ کەڕان" لە هەولێر بەڕێوەچوو؛ رۆمانەکە بەرهەمێکی ئەدەبی و فەلسەفیی قووڵە کە لە زمانی فەرەنسییەوە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی و بە شێوازێکی هونەرمەندانە باس لە کارەساتەکانی گەلی کورد دەکات.
رۆمانی "کۆنسێرت بۆ کەڕان"، سێیەمین بەرهەمی نووسەر و دەرهێنەری سینەمایی کورد، هنێر سەلێمە. لە رێوڕەسمێکدا لە هەولێر و بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە رەخنەگران و نووسەران، لەنێویاندا گۆران سەباح و رێبین فەتاح، پەرتووکەکە واژۆ کرا و بڵاوکرایەوە.
لە رۆمانەکەدا، نووسەر لە رێگەی کارەکتەرێکەوە بە ناوی "ئازا"، ژان و کارەساتەکانی گەلی کورد دەگێڕێتەوە. ناوەڕۆکی کتێبەکە بە شێوازێک داڕێژراوە کە دیمەنەکان دێنێتە بەر چاوی خوێنەر و دەیانبات بۆ گەشتێکی مێژوویی؛ چیرۆکەکە باس لە کۆمەڵگەیەک دەکات کە لە ئاست هاوار و برینەکانی گەلێکی ستەمدیدەدا ویژدانیان خەواندووە و وەکو کەڕێک نابیستن.
هنێر سەلێم کە یەکێکە لە دیارترین دەرهێنەرە سینەماییەکانی کوردستان و جیهان، لە ساڵی 1964 لە ئاکرێ لەدایک بووە. ئەو بەهۆی بارودۆخی سیاسییەوە لە تەمەنی 17 ساڵیدا کوردستانی بەجێهێشتووە و ئێستا لە وڵاتی فەرەنسا نیشتەجێیە.
بەرهەمەکانی ئەم دەرهێنەرە، بەشێوەیەکی گشتی تێکەڵەیەکن لە دراما و کۆمێدیای رەش کە باس لە ئازار، مێژوو و ژیانی خەڵکی کوردستان دەکەن، بەهۆی کارە هونەرییەکانیشیەوە تاوەکو ئێستا براوەی چەندین خەڵاتی جیهانییە.
