رووداو دیجیتاڵ
زێنە عەلی، هاوسەرۆکی زانکۆی رۆژئاوا بە رووداوی راگەیاند، دوای نزیکەی 15 ساڵ لە پەیڕەوکردنی سیستمی پەروەردە بە زمانی کوردی لە رۆژئاوای کوردستان، نەوەیەکی نوێ پەیدا بووە کە بە کوردییەکی زۆر پاراو و رەوان دەدوێن، ئەمەش "دەستکەوتێکی یەکجار بەنرخ و گرانبەهایە."
لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، کە نالین حەسەن، پێشکێشکاری بووڵتەنی نووڕۆژ لەگەڵی کردووە، زێنە عەلی ئاماژەی بەوە کرد، لە ئەنجامی ئەم پرۆسەی خوێندنەدا "ئیدی منداڵەکانمان ئێمە فێری زمان دەکەن" و ئەمەش جیاوازییەکی گەورەی لە نێوان نەوەی نوێ و نەوەکانی پێشوو دروست کردووە.
سەبارەت بە دانوستاندنەکان لەگەڵ حکومەتی سووریا، زێنە عەلی ئاشکرای کرد، بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر پێشنیازەکەی شامی رەتکردووەتەوە، کە تەنیا دوو وانەی کوردی لە هەفتەیەکدا بخوێندرێت. دەربارەی وەرگێڕانی پڕۆگرامەکانی خوێندنی سووریا بۆ زمانی کوردی گوتی، "ئەمە وەک بژاردەیەک باس دەکرێت، بەڵام هێشتا هیچ شتێکی یەکلاکەرەوە لەئارادا نییە."
هاوسەرۆکی زانکۆی رۆژئاوا جەختی کردەوە، ناسنامەی زانکۆکەیان کوردییە و سوورن لەسەر پاراستنی ئەم تایبەتمەندییە، چونکە ناوچەکە کوردییە و نزیکەی 99%ی ئەو 3000 خوێندکارەی لە زانکۆکە دەخوێنن، کوردن.
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
رووداو: لە ماوەی 12 ساڵی رابردوودا، گەورەترین دەستکەوتی خوێندن بە زمانی کوردی لە رۆژئاوای کوردستان چی بووە؟
زێنە عەلی: بە راستی لە رۆژئاوای کوردستان نزیکەی 15 ساڵە کوردی بووەتە زمانی پەروەردە. وەک دەزانن لە قوتابخانەکان لە قۆناغی سەرەتاییەوە تا ئامادەیی، هەموو وانەکان بە کوردی دەگوترێنەوە، کوردییەکی زۆر پاراوە. ئێستا منداڵانی رۆژئاوا بە کوردییەکی زۆر رەوان دەدوێن. جیاوازییەکی زۆر لە نێوان زمانی منداڵەکانمان و زمانی نەوەی ئێمە کە تەمەنمان گەورەترە هەیە. ئێستا منداڵەکانمان ئێمە فێری زمان دەکەن، چونکە لە قوتابخانە بە زمانی دایکیان پەروەردە دەبن. ئەمە دەستکەوتێکی زۆر مەزنە بۆ گەلی ئێمە لە رۆژئاوا و بۆ هەموو کوردێک.
رووداو: ئایا پڕۆگرامی خوێندن بە شێوەیەکی زانستی و لەسەر بنەمای مێژوو و سروشتی کورد و پێکهاتەکانی دیکە ئامادە کراوە؟
زێنە عەلی: دامەزراوەیەکی تایبەت بە پڕۆگرامەکان (مەنهەج) هەیە، کە کەسانی پسپۆڕی تێدایە و لە هەر بوارێکدا بەپێی پێوەرە زانستییەکان کار دەکەن. لە سەرەتادا رەنگە پڕۆگرامەکان بە خێرایی ئامادە کرابن، بەڵام لەم دواییانەدا پێداچوونەوە بۆ پڕۆگرامی هەموو پۆلەکان کرایەوە، تاوەکو تیۆرییە زانستییەکان بە دروستی جێگیر بکرێن.
رووداو: دەربارەی دانوستاندنەکانی نێوان حکومەتی سووریا و بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بۆ کاروباری پەروەردە، پارێزگاری حەسەکە دەڵێت وەرگێڕانی پڕۆگرامەکانی سووریا بۆ زمانی کوردی بژاردەیەکە و لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکرێت. ئێوە وەک زانکۆی رۆژاوا ئەم هەنگاوە چۆن دەبینن؟
زێنە عەلی: ئێستا هەندێک جیاوازی لە نێوان ئاستی زانکۆ و ئاستی قوتابخانەکاندا هەیە. زانکۆ ناوەندێکی لێکۆڵینەوە و فرەزمانییە و پێویستە خوێندکار بۆ سەرچاوەکان پەنا بۆ چەندین زمان ببات. سەبارەت بە قوتابخانەکان، دەوڵەتی سووریا دەیویست تەنیا دوو وانە لە هەفتەیەکدا بە کوردی بێت، بەڵام دەستەی پەروەردە ئەمەی رەتکردەوە. بەهۆی ئەم ناڕازیبوونە، باس لەوە کرا کە پڕۆگرامەکانی دەوڵەت وەربگێڕدرێنە سەر زمانی کوردی، ئەمە تەنیا وەک پێشنیازێکە و هێشتا بڕیاری کۆتایی لێ نەدراوە.
رووداو: وەک نموونە لە هەرێمی کوردستان پڕۆگرامەکان لەلایەن وەزارەتەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان خۆیەوە دادەنرێن نەک لە بەغداوە بنێردرێن. ئایا شتێکی وەها لەگەڵ شام باس کراوە؟
زێنە عەلی: ئێمە وەک زانکۆ لە ناو وردەکاریی دانوستاندنەکانی دەستەی پەروەردە و دەوڵەتدا نین، بەڵام ئەوەی دەزانرێت ئەوەیە، کە لەسەر پرسی "دوو وانەکە" رێکنەکەوتوون. باس لە وەرگێڕانی پڕۆگرامەکان دەکرێت، بەڵام بڕیار وایە تا ساڵی داهاتووش پڕۆگرامی ئێستای بەڕێوبەرایەتیی خۆسەر لە قوتابخانەکان بەردەوام بێت، تا کێشەکە چارەسەر دەبێت.
رووداو: پاشەڕۆژی زانکۆی رۆژئاوا دوای رێککەوتن لەگەڵ شام چی دەبێت؟ دەمێنێتەوە یان دادەخرێت؟
زێنە عەلی: ئێمە هێشتا گفتوگۆی راستەوخۆمان لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵای شام نەکردووە. چاوەڕێین ئەوان بێن و چارەسەرێک بدۆزینەوە. ئێمە ئامادەین و دەزانین چیمان دەوێت؛ دەمانەوێت تایبەتمەندی و ناسنامەی زانکۆکەمان بپارێزرێت.
رووداو: ئەگەر زانکۆی رۆژئاوا بمێنێتەوە، ئایا پڕۆگرامەکانتان بەپێی وەزارەتی خوێندنی باڵای سووریا دەگۆڕن؟
زێنە عەلی: تایبەتمەندیی سەرەکیی زانکۆی رۆژاوا زمانی کوردییە، واتە ناسنامەکەی کوردییە. ئەمە بەو مانایە نییە، کە تەنیا بە کوردی بێت، چونکە توێژینەوە بە هەموو زمانەکان دەبێت، بەڵام ناسنامەکە ناگۆڕدرێت. ئێمە سوورین لەسەر ئەمە، چونکە ناوچەکە کوردییە و 99%ی خوێندکارەکانمان کە ژمارەیان 3,000 خوێندکارە، کوردن.
رووداو: زانکۆی رۆژئاوا لە چەند کۆلێژ و پەیمانگا پێکهاتووە؟
زێنە عەلی: زانکۆکەمان لە 11 کۆلێژ، 3 پەیمانگای تەکنیکی و 2 پەیمانگای خوێندنی باڵا پێکهاتووە.
رووداو: ئایا بڕوانامەکانتان لە زانکۆکانی ئەوروپا دەناسرێن؟
زێنە عەلی: بڕوانامەکانی ئێمە بە زمانی کوردیین. خوێندکارمان هەبووە چووەتە ئەوروپا و بۆ بەردەوامبوون لە خوێندن داوای بەڵگەنامەی لە ئێمە کردووە، لەوێ لە رێگەی هەڵسەنگاندنی ئاستی زانستییەوە (Equivalency) توانیویانە لە خوێندن بەردەوام بن.
رووداو: ژمارەی دەرچووەکانتان چەندە و چەندیان لە بازاڕدا کاریان دەستکەوتووە؟
زێنە عەلی: زانکۆ لە دەیەمین ساڵی تەمەنیدایە و تاوەکو ئێستا 8 خولی دەرچوونی هەبووە، کە نزیکەی 1,800 خوێندکار دەبن. داواکارییەکی زۆر لەسەر دەرچووەکانی ئێمە هەیە، چ لە دامەزراوەکانی بەڕێوبەرایەتیی خۆسەر و چ لە کەرتی تایبەتدا. خوێندکارانی ئێمە کێشەی کاریان نییە و بە ئاسانی دەخرێنە سەر کار.