رووداو دیجیتاڵ دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە 48 کاتژمێر بەسەر ونبوونی منداڵێکی تەمەن چوار ساڵان لە بناری قەندیل، زانیارییە نوێیەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە منداڵەکە دۆزراوەتەوە و سەلامەتە، بەڵام بەهۆی گومانی بوونی "کێشەی کۆمەڵایەتی"، ئێستا دایک و باوکی منداڵەکە ئاسایشەوە راگیراون. ئەبوبەکر ئیسماعیل، پەیامنێری رووداو لە رانیە لەبارەی دوایین پێشهاتەکانی ئەو رووداوە رایگەیاند، "زانیارییە سەرەتاییەکان باس لەوە دەکەن کە یاد سەرباز تەمەن چوار ساڵ، کە لە پاشنیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممەوە لە گوندی ئێندزێ ون ببوو، ئێستا سەلامەتە و لە لای خێزانێکی نزیکی خۆیانە، بەڵام هێشتا رادەستی کەسوکارەکەی نەکراوەتەوە." بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، هێزە ئەمنییەکان گومانیان لە چۆنیەتی ونبوونی منداڵەکە هەبووە، چونکە ئەو شوێنەی لێی ون بووە نە رووبارێکی گەورەی لێیە و نە شاخێکی ئەوەندە سەخت کە منداڵێکی چوار ساڵان تێیدا ون بێت. هەر بۆیە، ئاسایشی راپەڕین دایک و باوکی منداڵەکەیان بانگ کردووە و ئێستا بە مەبەستی لێکۆڵینەوە راگیراون. پەیامنێری رووداو ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەری هەیە ئەم رووداوە پەیوەندی بە "کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە" هەبێت و ونبوونەکە تەنیا بۆ مەبەستی ترساندنی خێزانەکە بووبێت. پێشتر دڵشێر ئیبراهیم، هاوسەرۆکی شارەوانیی بناری قەندیل بە رووداوی راگەیاندبوو کە یاد دانیشتووی هەولێرە و بۆ سەردانی ماڵی باپیری چووەتە گوندی ئێندزێ. دوای ونبوونی، خەڵکێکی زۆر لە دەڤەری باڵەکایەتی و بناری قەندیل بەدوایدا گەڕان، بەڵام هیچ سەرەداوێکیان دەستنەکەوت تاوەکو کاتی گەیشتنی زانیارییە نوێیەکان لەبارەی سەلامەتیی منداڵەکە.