رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی دوایین پشکنینەکان، ئاستی ئاوی ژێر زەوی لە سنووری پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک رووی لە بەرزبوونەوە کردووە. لە ناوچەی حەوزی باشووری هەولێریش ئاستەکە 15 مەتر و لە ناوچەی تارین بەهۆی پڕۆژەکانی پاراوکردنەوە 90 مەتر بەرزبووەتەوە.
بەپێی بەدواداچوونەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی سەرچاوەکانی ئاو، لە سنووری ناحیەی هەریر و بەتایبەت لە کانی سەرتا، ئاستی ئاوی ژێر زەوی بەراورد بە ساڵی رابردوو نزیکەی 12 مەتر بەرزبووەتەوە. ئەمەش بووەتە هۆی بوژانەوەی کانیی گوندەکە کە چەند ساڵێک بوو بەهۆی وشکەساڵییەوە وشکی کردبوو.
سەلمان کەریم، سەرۆکی بەشی لێکۆڵینەوە و داڕشتن لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی سەرچاوەکانی ئاو بە رووداوی گوت: ماوەی 15 ساڵ بوو ئاستی ئاوی ژێر زەوی بەردەوام لە دابەزیندا بوو، ئەم بەرزبوونەوەیەی ئەم وەرزە ناتوانێت بە یەکجاری شوێنی دابەزینی ئەو هەموو ساڵە پڕ بکاتەوە، بەڵام نیشانەیەکی دڵخۆشکەرە.
دۆخی حەوزەکانی ئاوی هەولێر ، کە دابەشکراوە بەسەر سێ حەوزی ئاوی ژێر زەویی، ئاستی ،ئاو تێیاندا بەمشێوەیەیە:
حەوزی باکوور و ناوەندی شار،ئاستی ئاو نزیکەی 7 مەتر دابەزیوە. بەڵام لە حەوزی باشوور، ئاستی ئاوی ژێر زەوی 15 مەتر بەرزبووەتەوە.
کاریگەریی پڕۆژەکانی پاراوکردن حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی رابردووەوە لە هەشت شوێنی جیاواز پڕۆژەی پاراوکردنی ئاوی ژێر زەوی جێبەجێ کردووە، کاریگەریی راستەوخۆیان لەسەر بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو هەبووە.
دکتۆر کاروان سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوەکانی ئاو دەڵێت، لەو شوێنانەی پڕۆژەکەیان تێدا جێبەجێ کردووە، ئەنجامی زۆر باشیان دەستکەوتووە و گوتی: لە ناوچەی تارین ئاستی ئاوی ژێر زەوی 90 مەتر بەرزبووەتەوە، لە ئاکرێش 14 مەتر زیادی کردووە، بەڵام لە ناوچەی پێنجوێن ئاستەکە بە سانتیمەتر دابەزیوە.
بۆ چاودێریکردنی وردی دۆخی ئاو و گۆڕانکارییەکان 22 وێستگەی دیجیتاڵی لەسەر رووبارەکان و نێو بیرەکان جێگیرکراون، تاوەکو بە شێوەیەکی زانستی زانیارییەکان دەربارەی ئاستی ئاوی سەرزەوی و ژێر زەوی کۆبکرێنەوە.