رووداو دیجیتاڵ
ئەفسەرێکی پۆلیسی دارستان و ژینگەی گەرمیان کە لە سۆشیال میدیا بەهۆی چالاکییەکانی بۆ پاراستنی ئاژەڵە کێوییەکانی دەشتی گەرمیان بە 'راوچی راوچییەکان' ناوی دەهێندرێ، دوای ئەوەی بڕیاری گواستنەوەی لە ئەرکەکەی درا، خۆی دەڵێت بڕیارەکە راگیراوە.
نەقیب هاوڕێ جەلیل، بەڕێوەبەری بەشی خانەقینە لە پۆلیسی دارستان و ژینگەی ئیدارەی گەرمیان لە پارێزگای سلێمانی. پاراستنی ژینگە و سرووشتی بەشێکی دەشتی گەرمیانی لە ئەستۆدایە، کە یەکێکە لەو ناوچانەی زۆرترین ئاسکی تێدایە.
هاوڕێ جەلیل ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بڕیاری گواستنەوەم درابوو بۆ نێو بەڕێوەبەرایەتییەمان و بڕیار بوو ئەفسەرێکی هاوکارمان بخرێتە شوێنەکەم، بەڵام دوای کاردانەوەکان دژی بڕیارەکە، بەڕێوەبەرمان گواستنەوەکەی راگرت".
ئەو ئەفسەرە کە بە "راوچی راوچییەکان" دەناسرێت، ئەویش بەهۆی ئەوەی رۆڵی بووە لە دەستگیرکردنی چەندین راوچی لە ناوچەکە.
هاوڕێ جەلیل و هێزەکەی 22ـی مانگی رابردوو توانییان 10 بەچکە ئاسکی تەمەن 3 بۆ 15 رۆژ لەدەست راوچییەکان رزگار بکەن و دواتر یەکێک لە راوچییەکان دەستگیر بکەن. ئەوکات هاوڕێ جەلیل بە رووداوی گوتبوو: "بۆ دایکی ئاسکەکان دەگەڕێین و هەموویان دەنێرینەوە نێو ژینگەی خۆیان".
هاوڕێ جەلیل گوتی: "بڕیاری گواستنەوەکەم بڕیارێکی کارگێڕی بوو و نیەتی خراپی لە پشت نەبوو، بەڵام دیارە کاردانەوەی خەڵک هۆکاری راگرتنی بڕیارەکە بووە".
هاوڕێ جەلیل دوو ساڵە بەڕێوەبەری بەشی خانەقینە لە پۆلیسی دارستان و ژینگەی ئیدارەی گەرمیان.



