رووداو دیجیتاڵ بەشێک لەو فەرمانبەرانەی لە سەرەتای ئەمساڵەوە خانەنشین بوون، رووبەڕووی قەیرانێکی دارایی بوونەتەوە؛ ئەوان دەڵێن سەرەڕای چەندین مانگ چاوەڕوانی، تەنیا مووچەی یەک مانگیان بۆ خەرجکراوە و مووچەی چوار مانگی رابردوویان وەک "کەڵەکەبوو" لای حکومەت ماوەتەوە و دیار نییە کەی بۆیان خەرج دەکرێت. ئەو فەرمانبەرانەی کە لە 1ی کانوونی دووەمی 2026ـەوە خانەنشین بوون، باس لەوە دەکەن کە مووچەی مانگەکانی (1، 2، 3 و 4)یان وەرنەگرتووە و تەنیا مووچەی مانگی ئایاریان پێدراوە نیهایەت ئەحمەد، یەکێک لە خانەنشینە نوێیەکانی شاری سلێمانییە، بە (رادیۆی رووداو)ی راگەیاند: "من 40 ساڵ خزمەتی تەواوم هەیە، کەچی ئێستا تەنیا مووچەی یەک مانگیان بۆ هێناوینەتەوە. لەم دۆخەدا قەرزارین و نەخۆشیشمان لە ماڵەوە هەیە." ئەو خانەنشینە ئاماژە بەوە دەکات کە چاوەڕوانییەکی زۆریان هەبوو مووچەی سەرجەم مانگەکانی رابردوویان پێ بدرێت، بەڵام ئێستا پێیان دەڵێن "چاوەڕێ بکەن تاوەکو بودجە لە بەغدا جێگیر دەکرێت." سەبارەت بە هۆکاری ئەم کێشەیە، بەرپرسێک لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشینیی هەرێمی کوردستان بە (رادیۆی رووداو)ی راگەیاند، سیستمی ناردنی مووچە لە لایەن بەغداوە گۆڕاوە. ئەو بەرپرسە گوتی: "پێشتر مووچە گەڕاوەکان (کەلەکەبووەکان) هەمووی پێکەوە دەبەسترا و خەرج دەکرا، بەڵام ئێستا حکومەتی عێراق دەڵێت ئێمە تەنیا مووچەی ئەو مانگە خەرج دەکەین کە لیستەکەی پێمان دەگات." بە گوتەی ئەو بەرپرسە، رەنگە هۆکارەکە بۆ کەمیی پارەی نێردراو لە بەغداوە بگەڕێتەوە، چونکە لە مانگەکانی رابردوودا هەمیشە چەند ملیار دینارێک کەمتر لە شایستەی خانەنشینان رەوانە کراوە. بەرپرسەکەی بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینی دڵنیایی دەداتە خانەنشینان کە مافەکانیان نافەوتێت و دەڵێت: "ئەمە مووچەیە و وەک فەوتان هەژمار ناکرێت، بەڵام ئەوەی کە کەی دەبەسترێت و کەی لە سیستمی ژمێریاریدا داخل دەکرێت، پەیوەستە بە بەشەکانی ژمێریاری و وەزارەتی داراییەوە کە بڕیار لەسەر کاتی خەرجکردنی بدەن."
هەواڵە ناوخۆییەکان04-06-2026لە پێنج مانگدا زیاتر لە 100 تۆن خۆراکی ماوەبەسەرچوو لە هەرێمی کوردستان لەنێوبراوە
هەواڵە ناوخۆییەکان04-06-2026بەرهەمی جووتیارانی شێخان لە بازگەکانی حەشد دەمێنێتەوە؛ 'کێشەکە سیاسییە نەک کشتوکاڵی'