رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی رێگرییەکانی بازگەکانی حەشدی شەعبی لە سنووری موسڵ، دەیان جووتیاری قەزای شێخان و بناری چیای مەقلووب ناتوانن بەرهەمە کشتوکاڵییەکانیان بگەیێننە بازاڕەکانی نێوەڕاست و باشووری عێراق. بەڕێوەبەری کشتوکاڵی دهۆکیش دەڵێت: "کێشەکە سیاسییە و دان بە نووسراوە فەرمییەکانماندا نانێن."
جووتیارانی ناوچەکە باس لەوە دەکەن کە تێچوویەکی زۆریان لە چاندنی پیاز و پەتاتەدا کردووە، بەڵام ئێستا بەرهەمەکانیان لە بازگەکاندا راگیراون و مەترسیی تێکچوونیان لەسەرە.
عەلی محەممەد، جووتیارێکی سنووری شێخانە بە (رادیۆی رووداو)ـی راگەیاند، نزیکەی 10 هەزار دۆلاری لە چاندنی پیاز و پەتاتەدا خەرج کردووە، بەڵام بازگەکانی حەشد رێگری لێدەکەن بەرهەمەکەی بباتە موسڵ. ئەو جووتیارە دەڵێت: "لێرە کیلۆی پیاز و پەتاتە بە 200 بۆ 250 دینارە، بەڵام لە موسڵ بە 600 دینارە؛ ئەگەر رێگەمان نەدەن، زیانێکی گەورە دەکەین."
کشتوکاڵی دهۆک: 8 بازگە رێگری دەکەن
ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی دهۆک بە رووداوی راگەیاند، رێگرییەکان هەموو جۆرە بەرهەمێکی کشتوکاڵی دەگرێتەوە و گوتی: "ئەمە بابەتێکی تەواو سیاسییە. لەسەر ئاستی دهۆک و هەولێر هەشت بازگە هەن، کە کێشە بۆ جووتیاران دروست دەکەن و نووسراوە فەرمییەکانمان نایانخوات."
وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵەوە، نووسراوێکی فەرمی ئاراستەی بەغدا کردووە و داوای کردووە پابەندی رێککەوتنی ساڵی 2025 بن و رێگرییەکانی سەر بازگەکانی (تماس) لادەن، چونکە کارئاسانی بۆ گواستنەوەی بەرهەمی ناوخۆ لە بەرژەوەندیی هەموو عێراقدایە.
پەتاتە بەهۆی نەخۆشییەوە بۆ نیوە کەمی کردووە
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی دهۆک ئاشکرای کرد کە ئەم ساڵ بەهۆی زۆریی بارانبارین و بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی کەڕوویی، پەتاتە لە دهۆک لە 600 هەزار تۆنەوە بۆ 300 هەزار تۆن دابەزیوە.
هەروەها پێشبینی دەکەن بەرهەمی پیاز بگاتە نزیکەی 100 هەزار تۆن.
بەپێی داتاکانی کشتوکاڵی دهۆک، جیاوازییەکی گەورە لەنێوان هەناردەی ساڵی رابردوو و ئەم ساڵدا هەیە:
ساڵی 2025: بڕی 289,681 تۆن بەرهەم هەناردەی ناوەڕاست و باشوور کراوە.
ساڵی 2026 (تاوەکو کۆتایی ئایار): تەنیا 20,366 تۆن هەناردە کراوە.
وردەکاریی هەناردەی ئەم ساڵ (تۆن):
پەتاتە: 16,406
پیاز: 552
خەیار: 1,299
شووتی: 987
باینجان و کاڵەک: 59
جووتیاران هۆشداری دەدەن ئەگەر حکومەتی عێراق کێشەی بازگەکان چارەسەر نەکات، سێکتەری کشتوکاڵ لە ناوچەکەدا رووبەڕووی هەرەسی گەورە دەبێتەوە.


.png&w=3840&q=75)
.webp&w=3840&q=75)