رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تۆماری کۆمپانیاکان لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان، بەکارهێنانی پێشناوە ئایینییەکانی وەک (شێخ، مەلا و سەید) و ناوی کەسایەتی و سیمبوولە نیشتمانیەکان، لە تابلۆ و شوێنە بازرگانییەکاندا بە تەواوی قەدەخە کرد و رایدەگەیێنێت، سەرپێچیکاران رووبەڕووی سزای دارایی دەبنەوە.
رۆژی پێنجشەممە، 4ـی حوزەیران 2026، بڵند مەم، بەڕێوەبەری گشتیی تۆماری کۆمپانیاکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەپێی پەیڕەوی ژمارە 15ی ساڵی 2022، تۆمارکردنی هەر ناوێکی ئایینی و سیمبوولێکی نیشتمانی بۆ شوێن، کۆمپانیا و تابلۆ بازرگانییەکان قەدەخەیە.
ئاماژەی بەوەش کرد، بڕیارەکە سەرجەم شوێنە بازرگانییەکان دەگرێتەوە و رێگری لە بەکارهێنانی پێشناوە ئایینییەکان و ناوی سیمبوولە نیشتمانییەکان لەسەر تابلۆی دووکان و بازاڕەکان دەکرێت.
بەڕێوەبەری گشتیی تۆماری کۆمپانیاکان هۆشداریی دا، هەر کەسێک بەبێ مۆڵەت و تۆمارکردنی فەرمی ئەو ناوانە بۆ کاری بازرگانی بەکاربهێنێت، دەستبەجێ سزای دارایی دەدرێت کە بڕەکەی لە 100 هەزار دینارەوە دەستپێدەکات تاوەکو یەک ملیۆن دینار. "دەبێت ناوەکە بە تەواوی لەگەڵ جۆری کار و شوێنە بازرگانییەکەدا بگونجێت."
سەبارەت بەو شوێنانەی پێش دەرچوونی رێنماییەکە ئەو ناو و پێشناوانەیان بەکارهێناوە و مۆڵەتی فەرمییان هەبووە، بڵند مەم روونی کردەوە، بڕیارەکە نایانگرێتەوە و هیچ رێکارێکی یاساییان بەرامبەر ناگیرێتە بەر، چونکە تۆمارکردنەکەیان پێش دەرچوونی پەیڕەو و یاساکە بووە.
گوتیشی: "چیدیکە بوار نادرێت ناوە ئایینییەکان و ناوی سیمبوولە نیشتمانییەکان بۆ مەبەستی بازرگانی بەکاربهێندرێن تاوەکو شکۆی ئەو ناوانە پارێزراو بێت."


