رووداو
نرخی گازی بازرگانی لە هەرێمی کوردستان بەهۆی جەنگەوە
بەرز بووەوە، بەڵام سەرەڕای ئاگربەست و ئاساییبوونەوەی دۆخەکە، نرخی گاز لە هەرێمی
کوردستان نەگەڕاوەتەوە بۆ دۆخی پێش جەنگ، کۆمپانیایەکی فرۆشتنی گازیش هۆکارەکەی بۆ
کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی گاز لەلایەن کێڵگەی کۆرمۆرەوە دەگەڕێنێتەوە.
پێش جەنگ یەک تۆن گازی شل لە هەرێمی کوردستان بە
450 هەزار دینار بوو، بەهۆی جەنگەوە بۆ زیاتر
لە دوو ملیۆن دینار بەرزبوویەوە، دوای جەنگ نرخەکەی بۆ یەک ملیۆن و 700 هەزار دینار
دابەزی.
بابان ئەحمەد، سەرۆکی لیژنەکانی قایمقامییەتی
سلێمانی سەبارەت بە نرخی گازی بازرگانی بە رووداوی راگەیاند: "لای ئێمە تەنیا
ئەوەندە چاودێریی دەکرێت، کە نەهێڵین بەنزینخانە و کۆمەڵگەکانی نیشتەجێبوون لەو
نرخەی کۆمپانیای فرۆشیاری سەرەکی دیاری دەکات، گرانتر بفرۆشرێت"
سەرچاوەی سەرەکی گازی شل لە هەرێمی کوردستان، کێڵگەی
گازی کۆرمۆرە، لە کاتی جەنگەکەدا بەشێوەیەکی کاتی داخرا، ئەمەش کاریگەریی راستەوخۆی
لەسەر گرانبوونی گاز لە هەرێمی کوردستان هەبوو، پێش جەنگ نرخی لیترێک گازی شل لە بەنزیخانەکان
بە 450 دینار بوو، لە کاتی جەنگدا بۆ سەرووی 1000 دینار بەرزبووەوە، بەڵام دوای وەستانی
جەنگ نرخەکەی ئاسایی نەبووەوە و ئێستا بە 950 دینارە.
سەرچاوەیەک لە کۆمپانیای ساوز کوردستان کە فرۆشیاری
سەرەکی گازی بازرگانییە بە رووداوی گوت "گرانبوونەکە پەیوەندی بە کەمبوونەوەی
بەرهەمهێنانی گازە لەلایەن کۆرمۆر، بەڵام چەند رۆژی داهاتوو، نرخی گازی بازرگانیی
تەواو دادەبەزێت"


