رووداو دیجیتاڵ
تۆمەتبارێک لە گەرمیان دەستگیرکرا کە چەندین دۆسیەی ''تاوانکاری''ـی دزیکردنی هەیە. گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان دەڵێ، لە پۆلیسی دارستانیش دۆسیەی هەیە و نزیکەی 20 بێچووە ئاسکی راوکردووە و مامەڵەی پێوە کردوون.
رۆژی هەینی، 5ـی حوزەیرانی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی گەرمیان دەستگیرکردنی تۆمەتبارێکی راگەیاند کە بەهۆی هەبوونی چەندین دۆسیەی جیاوازەوە، لەلایەن دادگەوە داواکراو بوو.
عەقید سۆران محەممەد غەریب، گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان بە رووداوی راگەیاند، تۆمەتبارەکە خەڵکی گەرمیانە، لەلایەن بنکەی پۆلیسی قۆرەتوو دەستگیرکراوە و بەپێی مادەی 446ـی یاسای سزادانی عێراقی فەرمانی دەستگیرکردنی هەبوو.
بەگوتەی عەقید سۆران محەممەد غەریب، تۆمەتبارەکە دۆسیەیەکی دیکەیشی بەهۆی راوکردن و مامەڵەکردن بە ئاسکەوە لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان هەیە.
وەک گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان دەڵێ، ئەو تۆمەتبارە لەگەڵ چەند کەسی دیکە 10 بۆ 20 بێچووە ئاسکیان گرتووە و بازرگانییان پێوە کردوون کە دواجار لەلایەن تیمەکانیانەوە دەستگیر کراوە.
تۆمەتبارەکە بە بڕیاری دادوەر و بەپێی مادەی 446ـی یاسای سزادانی عێراقی کە تایبەتە بە (دزیکردنی بچووک) لە پۆلیسی گەرمیان راگیراوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە.
عەقید سۆران محەممەد غەریب ئەوەشی خستەڕوو، ''پێدەچێت بەهۆی دۆسیەی ئاسکەکانەوە، بۆ لێکۆڵینەوە رەوانەی پۆلیسی دارستانیش بکرێ.''



