رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری هەولێر دەڵێ، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان ئاگاداریان کردوونەتەوە کە لە چەند کاژێری داهاتوودا کێشەی کەمیی کارەبا چارەسەر دەبێت.
لە سەرەتای ئەم مانگەوە کارەبای پڕۆژەی رووناکی لە هەرێمی کوردستان کەم بووەتەوە. ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر رۆژی شەممە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "هۆکارە بنەڕەتییەکە دابینکردنی وزەیە. ئەمڕۆ کارەبا باشتر بووە لە دوێنێ، هەروەها وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان بەڵێنیان پێداوین لە چەند کاژێری داهاتوودا دۆخەکە ئاسایی بێتەوە".
ئومێد خۆشناو گوتی: "بۆ کەمبوونەوەی کارەبا لە چەند رۆژی رابردوودا بە بەردەوامی لەگەڵ نووسینگەی جەنابی سەرۆکوەزیران، تیمی رووناکی و وەزارەتی کارەبا لە گفتوگۆدا بووین. هۆکارەکان دیارن، یەکێکیان کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانە کە پەیوەندی بە دابینکردنی وزەوە هەیە، هەروەها بەرزبوونەوەی خواستی هاووڵاتییانیش هۆکارە کە مافێکی سرووشتیی خۆیانە".
پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوەشکرد، لە رۆژانی داهاتوودا لەگەڵ پارێزگاری دهۆک و شاندی هەردوو پارێزگا، سەردانی شاری وان دەکەن لە باکووری کوردستان، کە لەسەر بانگهێشتی فەرمیی ژووری بازرگانیی وان سەردانەکە دەکەن.
هۆکاری گەشتەکەی شاندی پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک بۆ وان بەشداربوونە لە فێستیڤاڵێکی تایبەت بە خواردنی ئەو شارەی باکووری کوردستان.

.png&w=3840&q=75)