رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە سبەی جووتیارانی کورد و تورکمان لەبەردەم باڵەخانەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک گردببنەوە. نوێنەرێکیان دەڵێت، حکومەتی عێراق، بڕیاری داوە نیوەی ئەو گەنمەی وەریدەگرێت، بە نرخی کەمتر لە نرخی گەنمی نێو پلانی کشتوکاڵی وەربگرێت، کە زۆربەی گەنمی کورد و تورکمانە.
جووتیارانی کەرکووک لە راگەیێندراوێکدا رایانگەیاند: "کاتی بێدەنگبوون نەماوە، سیاسەتی جیاکاریی حکومەتی عێراق لە نرخی گەنمدا گەیشتووەتە لووتکە؛ گەنمی نێو پلان تۆنی بە 700 هەزار دینار وەردەگیرێت، لە کاتێکدا گەنمی دەرەوەی پلان بە نرخێکی زۆر کەمتر وەردەگیرێت، کە ئەم نرخە تێچووی بەرهەمەکەش پڕ ناکاتەوە".
ساتع ناسیح، یەکێک لە نوێنەرانی جووتیارانی کورد لە پارێزگای کەرکووک، رۆژی یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "پار حکومەتی عێراق بڕیاری دا 850 تۆن گەنمی کەرکووک وەربگرێت، ئەم ساڵ دەڵێت تەنیا 400 هەزار تۆن لەنێو پلان وەردەگرین و 450 هەزاری دەکەوێتە دەرەوەی پلان".
حکومەتی عێراق یەک تۆن گەنمی دەرەوەی پلانی چاندن، بە 500 هەزار دینار وەردەگرێت. ئەو نوێنەرەی جووتیاران گوتی: "ئەمە بۆ جووتیاران ناگاتە ئاستی ماندووبوونیشیان، ئەوەشی بەو پارەیە وەری دەگرن هەمووی گەنمی جووتیارانی کورد و تورکمانە، گوایە کێشەی یاساییان هەیە، بۆیە نەخراونەتە نێو پلانەوە".
جووتیارانی کەرکووک لە راگەیێندراوەکەدا دەڵێن، لەلایەن بەرپرسانی حکومەتی عێراقەوە لە بازگەکاندا "بەردەوام رێگری لە گواستنەوەی بەرهەمەکانمان دەکرێت، هەروەها تاوەکو ئەمڕۆ یاسای گەڕاندنەوەی زەوییەکانمان جێبەجێ نەکراوە".
جووتیاران رایانگەیاندووە: "لە پێناو بەدەستهێنانی مافە رەواکانمان و یەکخستنی نرخی گەنم، بە یەکڕیزی و بەهێزییەوە هەموومان بەیەکەوە سبەی کاژێر 09:00ـی بەیانی لەبەردەم باڵەخانەی پارێزگای کەرکووک ئامادە دەبین".

.png&w=3840&q=75)

