رووداو دیجیتاڵ
نرخی یەک لیتر گازی شل (LPG) کە بە گازی ماڵانیش دەناسرێت، بەراورد بە هەفتەیەک لەمەوبەر زیاتر لە 300 دینار دابەزی.
جەنگی مەجید، سەرۆکی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکانی هەولێر، رۆژی یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمڕۆ نرخی لیترێک گازی شلی کوالێتیی بەرز بە 700 دینارە. لەو نرخەش کەمتر هەیە، بەڵام کوالێتیی باش نییە".
بەهۆی جەنگی ئەمریکا و ئێران، نرخی یەک لیتر گاز لە 450 دینارەوە بۆ زیاتر لە 1000 دینار بەرزبووەوە
لە سلێمانی نرخی لیترێک گاز بە دەوروبەری 650 دینارە. جەنگی مەجید گوتی: "سەرچاوەی سەرەکیی گاز لە سنووری پارێزگای سلێمانییە، بۆیە لەوێ نرخەکە کەمترە".
سەرۆکی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکانی هەولێر لەبارەی هۆکاری دابەزینی نرخەکەوە گوتی: "وەرزی سەرما تەواو بووە، هۆتێل و کۆمپانیاکان و زۆر شوێنی دیکە بۆ گەرمکەرەوە گازیان بەکار دەهێنا، ئێستا پێویستیان نەماوە، بۆیە کەمی خواست هۆکاری دابەزینی نرخە".
لە هەرێمی کوردستان بوتڵی گازی ماڵان کە 22 لیترە، ئێستا لە بازاڕ بە نزیکەی 15 هەزار دینارە، سەرەتای ئەم هەفتەیە بەزیاتر لە 22 هەزار دینار بوو، لەکاتی جەنگەکەش 45 هەزار دیناری تێپەڕاند.
لە شەوی رابردووەوە نرخی بەنزین لە هەولێر بەرزبووەتەوە. سەرۆکی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکانی هەولێر گوتی: "ئەمڕۆ نرخی لیترێک بەنزینی کواڵیتی بەرز بە کۆ بە هەزار دینارە و لە بەنزینخانەکان بەنرخی جیاواز دەفرۆشرێت".
ئەمڕۆ لە بەنزینخانەکانی هەولێر لیترێک بەنزین لەنێوان هەزار بۆ هەزار و 75 دینار دەفرۆشرێت.
.jpg&w=3840&q=75)
.png&w=3840&q=75)

