رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری سایلۆکانی پارێزگای سلێمانی دەڵێ، سەرجەم سایلۆ و بنکەکانی وەرگرتنی گەنم لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین لە رووی کارگێڕی و تەکنیکییەوە ئامادەن بۆ وەرگرتنی گەنمی ئەم ساڵی جووتیاران؛ ئاماژە بەوەش دەکات، هێشتا زیاتر لە 71 ملیار دیناری شایستەی دارایی ساڵی 2025ی جووتیارانی سنوورەکە لای بەغدا ماوە.
توانای سایلۆکان زیاتر لە 380 هەزار تۆنە
نەسرین ئەحمەد، بەڕێوەبەری سایلۆکانی پارێزگای سلێمانی، میوانی بەرنامەی (مژار)ی رادیۆی رووداو بوو و رایگەیاند: "ئێمە هەموو ساڵێک لە سەرەتای مانگی حوزەیرانەوە دەست بە ئامادەکارییەکان دەکەین. ئەم ساڵ جێگەیەکی زۆرمان هەیە لە سایلۆکانی سلێمانی، کەلار (گەرمیان)، سەیدسادق (شارەزوور)، رانیە، چەمچەماڵ و بنکەکانی هەڵەبجە. توانای کۆگاکردن و وەرگرتنی سایلۆکانمان لە نێوان 340 بۆ 380 هەزار تۆنە و بە تەنیا لە سلێمانیش دەتوانین تاوەکو 300 هەزار تۆن گەنم بەبێ کێشە وەربگرین."
سەبارەت بە سایلۆی هەڵەبجەش، بەڕێوەبەری سایلۆکانی سلێمانی ئاماژەی بەوە کرد کە هەرچەندە کارەکانی دەستی پێکردووە، بەڵام بۆ ئەم ساڵ ناخرێتە خزمەتەوە و ساڵی داهاتوو گەنمی تێدا وەردەگیرێ، بەڵام بۆ ئەم ساڵ جووتیارانی هەڵەبجە دەتوانن گەنمەکانیان رادەستی ناوەندی وەرگرتنی ناوچەکە بکەن.
جیاوازیی نرخی گەنمی پلان و دەرەوەی پلانی کشتوکاڵی
لەبارەی ئەو بڕە گەنمەی لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە بۆ هەرێمی کوردستان پیشنیاز کراوە (کە 400 هەزار تۆنە)، نەسرین ئەحمەد روونکردنەوەی دا کە نرخ بەپێی پلانی کشتوکاڵی گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە و گوتی: "لەو بڕە، 292 هەزار تۆنی لەنێو پلانی کشتوکاڵی دایە، کە هەر تۆنێک بە 700 هەزار دینار وەردەگیرێ، بەڵام ئەو 108 هەزار تۆنەی کە لە دەرەوەی پلانە، نرخی کەمترە و هەر تۆنێکی بە 500 هەزار دینار لە جووتیاران دەکڕدرێت."
نەسرین ئەحمەد گوتی، هێشتا گفتوگۆکانی نێوان وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی بەردەوامن بۆ زیادکردنی ئەو بڕە گەنمەی بڕیارە لە هەرێمی کوردستان وەربگیرێ؛ باسی لەوەش کرد کە ناوی جووتیاران و رووبەری زەوییەکانیان بە سی دی لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستانەوە رەوانەی بەغدا کراوە و دوو رۆژ پێش دەستپێکردنی پڕۆسەی وەرگرتنەکەش لیستە رێپێدراوەکە دەگەڕێتەوە بۆ سایلۆکان.
سیستمی ئەلیکترۆنیی "نۆرەگرتنی پێشوەختە" جێبەجێ دەکرێ
بۆ رێگریکردن لە دروستبوونی قەرەباڵخی و وەستانی زۆری بارهەڵگرەکان لە بەردەم سایلۆکاندا، بەڕێوەبەری سایلۆکانی سلێمانی ئاشکرای کرد کە لەگەڵ بەغدا لەسەر هێڵن بە شێوازی ئۆنلاین بۆ جێبەجێکردنی سیستەمێکی نوێ.
نەسرین ئەحمەد گوتی: "ئێستا کار لەسەر سیستمی (نۆرەگرتنی پێشوەختە) دەکەین. بەپێی ئەم سیستمە، ناوی جووتیاران و ژمارەی ئەو بارهەڵگرانەی گەنمەکە دەگوازنەوە لە رێگەی ئۆنلاینەوە بۆ ئێمە دەنێردرێ و ئێمەش بەپێی ئەو نۆرە و کاتە دیاریکراوە گەنمەکانیان لێ وەردەگرین، ئەمەش کارئاسانییەکی زۆر گەورەیە، چ بۆ ئێمە و چ بۆ جووتیاران."
زیاتر لە 71 ملیاری جووتیاران لای بەغدا ماوە
سەبارەت بە دۆخی ئێستای سایلۆ و کۆگەکانی گەنم، بەڕێوەبەری سایلۆکانی سلێمانی رایگەیاند، ئێستا 157 هەزار تۆن گەنمی ساڵی 2025 و نزیکەی 7 بۆ 8 هەزار تۆن گەنمی ساڵی 2024 لە کۆگاکاندا ماوە؛ ئاماژەی بەوەشکرد، پڕۆسەی ناردنی گەنم بۆ ئاشەکان بەپێی ستانداردی جیهانی (First In, First Out) بەردەوامە، بە جۆرێک کە گەنمی ساڵی 2024 ئێستا رەوانەی ئاشەکانی سلێمانی دەکرێ بۆ بەشەخۆراکی مانگانەی هاووڵاتییان کە مانگانە بڕی 19 هەزار و 900 تۆن گەنم بەسەر ئاشەکاندا دابەش دەکرێ.
سەبارەت بە شایستە داراییەکانی ساڵانی رابردووش، نەسرین ئەحمەد رایگەیاند، پارەی ساڵانی 2014، 2015 و 2016 هاتووە و بەسەر جووتیاراندا دابەش کراوە، هەروەها تاوەکو ساڵی 2025 هیچ قەرزێک نەماوە، بەڵام تەنیا بۆ ساڵی 2025 بڕی 71 ملیار و 500 ملیۆن دیناری پارەی جووتیاران بە تەنیا لە پارێزگای سلێمانی هێشتا لای حکومەتی عێراق ماوە و هیوای خواست بە زووترین کات بەغدا ئەو پارەیەش رەوانە بکات.

.png&w=3840&q=75)

