رووداو دیجیتاڵ شارەوانیی هەولێر هەڵمەتێکی فراوانی بۆ لادانی زیادەڕۆیی سەر شۆستە و شەقامەکان دەستپێکردووە؛ خاوەن کۆشکەکانیش دەڵێن، بڕیارەکە زیانی زۆریان پێدەگەیێنێت و داوا دەکەن لە بەرژەوەندیی ئەواندا پێداچوونەوەی بۆ بکرێت. ریاز محەممەد، کاسبکارێکە لەسەر شەقامی 100 مەتریی هەولێر و یەکێکە لەو کەسانەی بڕیارەکە دەیگرێتەوە، بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، ساڵانە دوو ملیۆن و 500 هەزار دینار وەک کرێ دەداتە شارەوانی و نزیکەی 10 هەزار دۆلاریشی لە کۆشکەکەیدا خەرج کردووە، بەڵام ئێستا رێگەی پێنادرێت مێز و کورسی لە دەرەوە دابنێت. ئەو کاسبکارە دەڵێت: "ئەگەر مێز و کورسییەکان لە دەرەوە نەبن، کەس نایەتە لامان و کاسبییەکەمان پەکدەخوات، داوا دەکەین کارێکمان بۆ بکرێت کە زیانمەند نەبین." شارەوانی: مەبەستمان بڕینی بژێوی کەس نییە کارزان عەبدولهادی، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، ئەو کۆشکانە بەپێی گرێبەست و رووبەرێکی دیاریکراو بە کرێ دراونەتە هاووڵاتییان، بۆیە هەر جۆرە زیادەڕۆییەک بۆ سەر شۆستە و رێگەی گشتی بکرێت، رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر. سەرۆکی شارەوانیی هەولێر دڵنیایی دایە کاسبکاران و گوتی: "ئێمە هەرگیز نامانەوێت خەڵک بێ کەسابەت بکەین، بەڵام بەشێک لەم کۆشکانە شۆستەکانیان گرتووە و ئاستەنگیان بۆ هاتووچۆی خەڵک دروستکردووە، بۆیە تیمەکانمان سەرقاڵی رێکخستنەوەیانن." تەنیا کۆشکەکان نین، بەڵکو بڕیارەکە عەرەبانەکانی سەر شەقامەکانیش دەگرێتەوە. کارزان عەبدولهادی ئاماژەی بەوە کرد، هەمان یاسا و رێسا بەسەر ئەوانیشدا جێبەجێ دەبێت و گوتی: "پڕۆسەی رێکخستنەوەیان بەردەوام دەبێت، بۆ ئەوەی دیمەنی شار و هاتووچۆی هاووڵاتییان نەشێوێت." شارەوانیی هەولێر جەخت دەکاتەوە کە ئامانجی سەرەکیی ئەم هەڵمەتە، پاراستنی مافی پیادە و رێگریکردنە لە تێکچوونی دیمەنی گشتیی شار، لە هەمان کاتدا کاردەکەن بۆ ئەوەی کەمترین زیان بە بژێویی کاسبکاران بگات.
هەواڵە ناوخۆییەکان07-06-2026بڕیاردرا تەواوی موەلیدەکانی پارێزگای هەولێر کاربکەن و ئەمپێرێک بە 5750 دینار بێت
هەواڵە ناوخۆییەکان07-06-2026بەڕێوەبەری سایلۆکانی سلێمانی: لە توانامان دایە 340 بۆ 380 هەزار تۆن گەنم وەربگرین