رووداو دیجیتاڵ
کامێراکانی سەرپێچی تیژڕۆیی لە جۆری خاڵ بۆ خاڵ لەنێوان قەزاکانی کەلار و کفری لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان لە پارێزگای سلێمانی کەوتنە کار. گوتەبێژی هاتووچۆ دەڵێ، ئەم ساڵ کامێرای خاڵ بۆ خاڵ لە رێگەی کەلار بۆ دەربەندیخانیش دەکەوێتە کار.
موقەمان سامان عەلی، گوتەبێژی هاتووچۆی گەرمیان، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لەکاژێر 10ـی بەیانیی ئەمڕۆوە کامێراکان بە فەرمی سەرپێچی تۆمار دەکەن، داواکارین شۆفێران پابەندی خێرایی رێگەپێدراو بن".
گوتەبێژی هاتووچۆی گەرمیان گوتی: "خێرایی لە رێگەی کەلار – کفری 100 کیلۆمەترە لە کاژێرێکدا، بەڵام لە گوندەکان دەبێتە 60 کیلۆمەتر و نزیک قەزای رزگاریش بەرزترین خێرایی رێگەپێدراو دەبێتە 80 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا".
رێگەی نێوان قەزاکانی کفری و کەلار، ساڵی 2024 بە دووسایدکردنی تەواو بووە و درێژییەکەی 42 کیلۆمەترە، بۆ هەر سایدێکی هەشت کامێرا دانراوە.
گوتەبێژی هاتووچۆی گەرمیان ئاماژەی بەوەشکرد: "کامێرای خاڵ بۆ خاڵ لەنێوان کەلار و دەربەندیخانیش زۆرینەی کارەکانی کراوە و تەنیا دەستبەکاربوونی ماوە؛ تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ لەو رێگەیەش دەخرێتە کار".
جگە لە کامێراکانی تۆمارکردنی خێرایی تیژڕۆیی خاڵ بۆ خاڵ، چەند جۆرێکی دیکەی کامێرا بۆ هەمان ئامانج دانراون یان رۆژانە دادەنرێن، لەوانە کامێرای جێگیر کە لە یەک خاڵدا خێرایی تۆمار دەکات. لەگەڵ ئەوەشدا هەندێک جۆری کامێرا هەن کە گەڕۆکن و پۆلیس و ئەفسەرانی هاتووچۆ هەر جارەو لە رێگەیەکدا دایدەنێن.
حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، دانانی کامێراکان بۆ بەرژەوەندیی شۆفێران و کەمکردنەوەی رووداوەکانی هاتووچۆیە. هاونیشتمانیانیش نیگەرانن لە بەرزیی نرخی سزای سەرپێچییەکان، کە لە 70 هەزار دینارەوە دەستپێدەکات بۆ 230 هەزار دینار.
تاوەکو ئەمڕۆ لە رێگە سەرەکییە دوو ئاراستەکانی هەرێمی کوردستان کامێرای تۆمارکردنی سەرپێچی خێرایی تیژۆڕیی دانراون.

.png&w=3840&q=75)

