رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە رۆژانی 10 و 11ـی مانگ، چوارەم فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی شاڵ و شەپک لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لە پارێزگای دهۆک بەڕێوەبچێت. یەکێک لە رێکخەرانی فێستیڤاڵەکە دەڵێ، چەندین چالاکیی جۆراوجۆریان دەبێ کە گرنگترینیان ناساندن و نمایشکردنی جلوبەرگی کوردی دەبێ.
رۆژی یەکشەممە، 07-06-2026، کۆڤان حوسێن، یەکێک لە رێکخەرانی چوارەم فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی شاڵ و شەپک بە غەریب مەجید، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی لە زاخۆ راگەیاند: ''بڕیار بوو وەک هەر ساڵێک، لە کۆتایی مانگی نیساندا فێستیڤاڵەکە بەڕێوەبچێت، بەڵام بەهۆی دۆخی ئاڵۆزی ناوچەکەوە، بۆ 10 و 11ـی حوزەیران دواخرا.''
بەگوتەی کۆڤان حوسێن، چەندین چالاکیی جیاواز لە فێستیڤاڵەکەدا بەڕێوەدەچن، لەوانەش چوار گرووپی هونەری بانگهێشت کراون کە دووانیان تایبەتن بە رۆژهەڵاتی کوردستان و باشووری کوردستان؛ یەکێکیان لە ئەرمینیا و ئەوی دیکەیش لە نایجیریای ئەفریقاوە دێت.
وەک ئەو رێکخەرەی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی شال و شەپک گوتی: ''چەندین گرووپ و هونەرمەندی دیکەش لە هەر چوار پارچەی کوردستانەوە بەشدارن کە بە درێژایی کاتی بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵەکە بە شێوەی گەڕۆک لە پردی دەلال، کۆرنیش و قشڵە چالاکی پێشکێش دەکەن.''
هاوکات سێ پانێڵی زانستی و ئەکادیمی لە فێستیڤاڵەکەدا بەڕێوەدەچن. کۆڤان حوسێن دەڵێ: ''پەرتووکێک واژۆ دەکرێ کە تایبەتە بە شاڵ و شەپک و جۆرەکانی دیکەی جلوبەرگی کوردی.''
ئەو رێکخەرەی فێستیڤاڵەکە ئەوەشی خستەڕوو، گرنگترین بڕگەی چالاکییەکە هەبوونی بازاڕ و پێشانگەیەکی گەورەیە بۆ ناساندن و فرۆشتنی جۆرەکانی جلوبەرگی کوردی و گوتی: ''20 دووکان لە هەر چوار پارچەی کوردستانەوە جلوبەرگی کوردی نمایش دەکەن.''
کۆڤان حوسێن ئاماژەی بەوەش کرد، ئامانجی سەرەکیی فێستیڤاڵەکە پاراستن و ناساندنی جلوبەرگی کوردییە و داواش لە هاونیشتمانییان دەکات بۆ بەشداریکردن، سەردانی زاخۆ بکەن.
لە دوو رۆژی 10 و 11ـی مانگدا، فێستیڤاڵەکە کاژێر 10:00ـی بەیانی دەستپێدەکات و تاوەکو ئێوارە لە کۆرنیشی پردی دەلالی زاخۆ بەردەوام دەبێت.

.jpg&w=3840&q=75)
