رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری سایلۆکانی دهۆک دەڵێ، هەموو ئامادەکارییەکیان بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیاران کردووە و چاوەڕێی وەزارەتی بازرگانیی عێراقن بۆ دەستپێکردنی پرۆسەکە.
رۆژی یەکشەممە، 7ـی حوزەیرانی 2026، نازم ئەترووشی، بەڕێوەبەری سایلۆکانی دهۆک، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هەموو کارە تەکنیکی و لۆجستییەکان لە سایلۆکانی فایدە، شێخان، زاخۆ و رۆڤیا کۆتاییان هاتووە. ئێمە بە تەواوی ئامادەین بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی پارێزگای دهۆک."
بە گوتەی نازم ئەترووشی، جووتیارانی هەر ناوچەیەک گەنمەکەیان رادەستی سایلۆیەکی دیاریکراو دەکەن بۆ ئەوەی رێگە لە قەرەباڵخی بگیرێ.
بەڕێوەبەری سایلۆکانی دهۆک ئاماژەی بەوەشکرد، وەرگرتنی گەنم دەستی پێنەکردووە، چونکە دەبێت لیستی ناوی جووتیارانی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە پەسند بکرێ. ئەترووشی گوتی:"تاوەکو سی دی ناوی جووتیاران لەلایەن وەزارەتی بازرگانیی عێراقەوە پەسند نەکرێ، ئێمە ناتوانین دەست بە وەرگرتنی گەنم بکەین."
بۆ ئەم ساڵ، 116 هەزار تۆن گەنم وەک پشکی پارێزگای دهۆک دیاریکراوە کە 84 هەزار تۆنی لە چوارچێوەی پلاندایە و 32 هەزار تۆنیشی لە دەرەوەی پلانە.
نازم ئەترووشی ئاماژە بەوە دەکات، ئەو پشکە کەمە و دەڵێ: "ئەم ساڵ بەهۆی بارانی باشەوە بەرهەم زۆر باش بوو. پێویستە پشکی هەرێمی کوردستان لە 12%ـی کۆی ئەو گەنمەی عێراق وەریدەگرێ کەمتر نەبێت، کە ئەوەش دەکاتە نزیکەی 700 هەزار تۆن، نەک ئەو بڕە کەمەی دیاریکراوە."
.jpg&w=3840&q=75)


