رووداو دیجیتاڵ
کورتەباڵاکان لە پەیمانگەی هونەرە جوانەکان و کۆلێژی پەروەردەی وەرزش وەرناگیرێن، ئەوەش پێچەوانەی "یاسای ماف و ئیمتیازاتی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانە" کە ساڵی 2011 لە پەرلەمانی کوردستان دەرچوو. کۆمەڵەی کورتەباڵاکانی کوردستانیش داوا دەکات، کێشەکانی خوێندنیان چارەسەر بکرێت.
مستەفا بەکر کە هونەرمەندێکی کورتەباڵایە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "داواکاریم پێشکێش کردووە بۆ پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی سلێمانی، بەڵام بەهۆی باڵامەوە وەرنەگیرام، ئەو لیژنەیەی لە پەیمانگەکە هەڵسەنگاندنیان بۆ قوتابیان دەکرد، لەڕوویان نەهات راستەوخۆ بە من بڵێن، بە هاوڕێیەکمیان گوت: بەهۆی ئەوەی کورتە باڵایە، لە پەیمانگە وەرناگیرێت."
ئەو هونەرمەندە دەڵێت، بەشداریی زیاتر لە 50 شانۆگەری، چوار دراما و دوو فیلمی سینەمایی کردووە، بەردەوامیش دەبێت لە کاری هونەری، بەڵام رێگریی لێکراوە لەوەی هونەر بە شێوەیەکی ئەکادیمی بخوێنێت.
لەبارەی هۆکاری وەرنەگرتنی خوێندکارانی خاوەن پێداویستییە تایبەکان لە کۆلێژی پەروەردەی وەرزش، محەممەد ئیبراهیم، سەرۆکی بەشی کۆلێژی پەروەردەی وەرزش لە زانکۆی سلێمانی دەڵێت، "قوتابی کە دێتە کۆلێژەکەمان 13 پشکنینی جەستەیی بۆ دەکرێت، یەکێک لە پشکنین و مەرجەکان ئەوەیە، قوتابی کوڕ نابێت باڵای لە 160 سانتیمەتر و کچ لە 155 سانتیمەتر کەمتر بێت، ئەو پشکنین و مەرجانە وادەکەن قوتابی کورتەباڵا و خاوەن پێداویستیی تایبەت لە کۆلێژەکەمان وەرنەگیرێن."
ساڵی 2011، یاسای ماف و ئیمتیازاتی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان لە پەرلەمانی کوردستان دەرچووە، بەگوێرەی ئەم یاسایە، نابێت هیچ کەسێک لە خوێندن بێبەش بکرێت و هەر لایەنێک رێگری بکات، دەبێت سزا بدرێت.
عومەر جەبار، سەرۆکی کۆمەڵەی کورتەباڵاکانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "حکومەت هیچ پلانێکی بۆ هاوکاریکردنمان نییە، لە کاتێکدا کورتەباڵا دەتوانێت ببێتە فڕۆکەوانیش ئەگەر هەلی بۆ بڕەخسێندرێت."
کێشەکانی کورتەباڵاکان تەنیا لە خوێندندا کورت نابێتەوە، بەڵکو لایەنی تەندروستی و بژێویی ژیانیشیان گرتووەتەوە، بەناز حەمەڕەحیم ئەندامی کۆمەڵەی کورتەباڵاکانە دەڵێت، "دەرزیی گەشە" لە نەخۆشخانە حکومییەکاندا دەست ناکەوێت و ناچارن بە 180 دۆلار لە بازاڕی رەشدا بیکڕن بۆ گەشەکردنی منداڵەکانیان.
لە هەرێمی کوردستان، کورتە باڵاکان مانگانە مووچەیەک لەنێوان 100 بۆ 150 هەزار دینار وەردەگرن کە بەشی بژێوییان ناکات، سامان وەهاب ئەندامی کۆمەڵەی کورتەباڵاکان دەڵێت، سەرەڕای کەمی مووچەکانیان، لە ساڵی 2012ـەوە هیچ کورتەباڵایەک کە لەدایکبووە، مووچەی بۆ نەبڕدراوەتەوە.
لە کاتێکدا یاساکانی هەرێمی کوردستان رێگری لە خوێندنی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت بە کارێکی "نایاسایی" دادەنێن، بەڵام بەرپرسێکی یاسایی ئاشکرای دەکات کە تاوەکو ئێستا هیچ کەسێک لەسەر بێبەشکردنی کورتەباڵاکان لە خوێندن سزا نەدراوە.
مافپەروەر هیوا ڕەحمان، بەرپرسی بەشی کاروباری یاسایی لە بەڕێوبەرایەتی گشتیی چاودێری کۆمەڵایەتی سلێمانی، لەکاتی بەشداریکردنی بوڵتنی هەواڵەکانی کاژێر 10ی رووداو گوتی: "بەپێی یاسا نابێت بە هیچ شێوەیەک رێگری لە خوێندنی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت بکرێت، چونکە ئەمە کارێکی تەواو نایاساییە." بەڵام ئەو بەرپرسە یاساییە ئاماژە بە کەلێنێکی گەورە لە جێبەجێکردنی یاساکەدا دەکات و دەڵێت، "سەرەڕای ئەوەی یاساکە هەیە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ کەسێک لەسەر رێگری لە خوێندنی کورتەباڵاکان سزا نەدراوە."
ئارام محەممەد، وەزیری خوێندنی باڵا لەدوای ئەو بەدواداچوونە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بڕیارمان دا لەمەودوا ئاسانکاریی زیاتر بۆ وەرگرتنی خوێندکارانی خاوەن پێداویستیی تایبەت بکەین، بەتایبەت لەو بەشانەی کە خوێندکار بە تاقیکردنەوەی جەستەیی و تەندروستی وەردەگیرێن."


