رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی جەنگی ئێران، ئەمریکا-ئیسرائیل و زیادکردنی باج و رسومات، جموجۆڵی بازرگانی لە دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران کەمیکردووە. بەپێی ئاماری ئەنجوومەنیی شوفێرانی بارهەڵگری حاجی عومەران، پێش جەنگەکە رۆژانە 220 بارهەڵگر هاتووچۆیان دەکرد، ئێستا بۆ 110 بارهەڵگر کەمی کردووە.
رەشید سورچی، شوفێرێکی بارهەڵگرە، بە رووداوی گوت: "پێشتر هەفتانە 3 بۆ 4 بارمان هەبوو، بەڵام ئێستا بار نییە. هەموو کاڵاکان کەمبوونەتەوە، هیچ کات نەمبینیوە بەوجۆرە ئاوا کەم بکات."
کەمبوونەوەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی، زیانی بە شوفێرانی بارهەڵگر گەیاندووە.
هەڵوێست سەڵاح، شوفێرێکی دیکەیە و دەڵێت: "بارهەڵگر هەیە هێڵەکەی مانگانە بە 1300 دۆلار بەکرێ گرتووە، ئەگەر لە مانگێکدا تەنیا یەک یان دوو باری بەربکەوێت، تەنیا بەشی خەرجیی ئۆتۆمبێلەکەی دەکات."
لێکەوتەکانی جەنگ، زیادکردنی هەندێک باج و رسومات، لەگەڵ راگرتنی هەناردەی هەندێک کاڵا لە ئێرانەوە بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق، هۆکاری سەرەکیی ئەم سستییەن.
رەشید مستەفا، ئەندامی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر، بە رووداوی راگەیاند: "گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا بە رێژەی 30% بازرگانیی کەمکردووەتەوە."
ئەو ئەندامەی ژووری بازرگانی ئاماژەی بەوەشکرد، وەکو ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر لەسەر هێڵن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە و گلەیی بازرگانان لە زیادکردنی هەندێک رسومات، لە ماوەیەکی نزیکدا چارەسەر دەبێت.
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، ماوەی 20 رۆژە ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران بە رێژەی 50% دابەزیوە. بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا، لیژنەیەک لە ژووری بازرگانیی هەرێمی کوردستان سەردانی دەروازە سنوورییەکان لەگەڵ ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بکات بۆ تاوتوێکردنی کێشەکان و ئاساییکردنەوەی جووڵەی بازرگانی.


