رووداو دیجیتاڵ
دوای دۆزینەوەی تەرمی ژنێک بە سووتاوی لەنێو ئۆتۆمبێلەکەیدا لە سنووری ناحیەی دارەشەکران، کەسوکارەکەی دەڵێن، "کێشەی لەگەڵ هیچ کەسێک نەبووە" و ئەو دەنگۆیانەش رەتدەکەنەوە کە باس لەوە دەکەن "دەستی بەسترابێتەوە."
رۆژی یەکشەممە، 14ـی حوزەیرانی 2025، تەرمی ژنێک بە ناوی (دلڤین کارۆخ) کە لەدایکبووی ساڵی 1998ـە، لەنێو ئۆتۆمبێلەکەیدا بە سووتاوی دۆزرایەوە.
شوان رواندزی، خاڵی دلڤین بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "خوشکەزاکەم کێشەی لەگەڵ هیچ کەسێک نەبووە و هیچ هەڕەشەیەکی لەسەر نەبووە. ئەو دەنگۆیانەی دەڵێن دەستی بەسترابووەوە، تەنیا پڕوپاگەندەن و راست نین."
سەبارەت بە ژیانی دلڤین، خاڵی ئاماژەی بەوە کرد کە خوشکەزاکەی چوار ساڵ بووە لە هاوژینەکەی جیابووەتەوە و دایکی دوو منداڵە. گوتیشی: "دلڤین لەگەڵ دایک و باوکی دەژیا، بەیانیی رۆژی رووداوەکە نانی بەیانی ئامادە کردووە و خواردوویەتی، پاشان بە تەنیا لە ماڵ چووەتە دەرەوە بۆ ئەوەی بچێتە سەر کارەکەی لە کۆمپانیایەک، بەڵام دواتر تەرمەکەی دۆزرایەوە."
عەمید مەهدی، مامی دلڤین، بە رووداوی راگەیاند کە ئەوان وەک خێزانەکەی چاوەڕێی لێکۆڵینەوەی هێزە ئەمنییەکان دەکەن و گوتی: "ئەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان باس دەکرێت راست نین و بەمزووانە روونکردنەوەمان دەبێت."
"گومانی تاوانکاری هەیە"
موقەدەم شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر بە رووداوی راگەیاند، کاژێر 07:00ـی بەیانی ئاگادارکراونەتەوە و کاتێک گەیشتوونەتە شوێنەکە، "هەستمان کردووە رووداوەکە گومانی تاوانکاری لێدەکرێت، بۆیە پۆلیسمان ئاگادار کردووەتەوە."
هەروەها بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر رایگەیاند، تەرمەکە رەوانەی دادپزیشكی کراوە بۆ زانینی هۆکاری راستەقینەی گیانلەدەستدانی. موقەدەم کیفاح حەسەن، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر، ئەمڕۆ دووشەممە بە رووداوی گوت: "ئەمڕۆ پەڕاوی لێکۆڵینەوەکە چووەتە بەردەم دادوەر و چاوەڕێی بڕیاری دادوەرین."
تەرمی دلڤین لە کاتێکدا دۆزراوەتەوە کە ئۆتۆمبێلەکەی بەتەواوی سووتاوە، پۆلیس دەڵێت، لێکۆڵینەوەکانیان بەردەوامە بۆ ئاشکراکردنی تەواوی راستییەکان.



