رووداو دیجیتاڵ
چەند هاونیشتمانییەک بە رووداویان گوت، بەگوێرەی قەبارەی شوقە داوای پارەی موەلیدەیان لێکراوە و زیاتر لە 100 هەزار دیناریان لێوەرگیراوە سەرەڕای پڕۆژەی رووناکی. جێگری پارێزگاری هەولێریش دەڵێ، بابەتەکە نایاساییە و لێپێچینەوە دەکەن.
یەکێک لە هاونیشتمانییەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون دەڵێن، پڕۆژەی رووناکی پێوەرەکانی دەستکاری کردوون بۆ دانانی پێوەری خۆیان، بەڵام پێوەریان دانەناوە و ئەوانیش ناچارن بەگوێرەی قەبارەی شوقەکان پارە وەربگرن".
لە یەکێک لە پڕۆژەکانی نیشتەجێبووندا راگەیێندراوێک بۆ دانیشتووانەکەی هەڵواسراوە و تێیدا نووسراوە: "ئاگادارتان دەکەینەوە، لە سەرەتای ئەم مانگەوە واتا لە 01ـی مانگی 10ـەوە، بڕی پارەی کارەبای موەلیدە هەژمار دەکرێت بەگوێرەی خەرجیی موەلیدە و رووبەری شوقەکان".
هێمن قادر، جێگری پارێزگاری هەولێر، ئەمڕۆ دووشەممە 26-10-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئێمە لیژنەی تایبەتمەندمان هەیە و ئەوە نایاساییە و هەر پڕۆژەیەک ئەو کارەی کردبێت، لێپێچینەوەی لێ دەکرێت، کە دەگاتە ئەوەی کار لە بەشی خزمەتگوزارییەکەی وەربگیرێتەوە و بدرێتە کۆمپانیایەکی دیکە".
جێگری پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوە کرد، بەشێکی خاوەن پڕۆژەکان خۆیان بەڕێوەبەری خزمەتگوزاریی پڕۆژەکەن و ئەوانەش ئەگەر کاری لەو شێوەیە بکەن، بەشی خزمەتگوزارییان لێ وەردەگیرێتەوە و بە فەرمانی دادوەر دەدرێتە کەسانی دیکە.
دوێنێش هێمن قادر بە رووداوی گوتبوو، ئەو دەنگۆیانە رەت دەکاتەوە کە باس لە دیاریکردنی نرخی کارەبای پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون بەپێی رووبەری یەکەکان دەکەن و رایگەیاند، نرخی کارەبا تەنیا لەسەر بنەمای بەکارهێنان، کیلۆوات و خوێندنەوەی پێوەر دیاری دەکرێت. بەڵام هاونیشتمانییان لە رێگەی ناردنی نووسراوی خزمەتگوزاریی پڕۆژەکانەوە بە بەڵگەوە دڵنیایی دەدەن، کە داوایان لێ کراوە بەگوێرەی قەبارەی یەکەکەیان پارەی خزمەتگوزاری بدەن.
جێگری پارێزگاری هەولێر لە وەڵامی داوای دانیشتووانی بەشێکی پڕۆژەکانەوە گوتی: "هەرکەس بەگوێرەی قەبارەی شوقەکەی پارەی لێ وەرگیرا، پسوولەی پارەکەی بهێنێت و سەردانی پارێزگا بکات، بە دڵنیاییەوە لێپێچینەوەی یاسایی تەواو لەگەڵ هەر پڕۆژەیەکدا دەکەین ئەو کارە بکات و ماف بۆ خاوەن ماف دەگەڕێنینەوە".
هێمن قادر لەبارەی ئەو کەسانەی دەرفەتیان نییە سەردانی پارێزگا بکەن گوتی، دەتوانن لە رێگەی ژمارە مۆبایلی تایبەت بەو کارەوە پەیوەندییان پێوە بکەن و هەر بەڵگە و رەخنەیەکیان هەیە بیگەیێننە پارێزگای هەولێر و بەدواداچوون بۆ داواکەیان دەکرێت.
ئەو ژمارە مۆبایلانەی بۆ ئەو کەسانەی دەیانەوێت پەیوەندی بکەن ئەمانەن:
07504645643
07504755933


