رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان پێشبینی دەکات لە رۆژی پێنجشەممەوە شەپۆلێکی بارانبارین و هەورەبرووسکە سەرجەم ناوچەکانی باشووری کوردستان بگرێتەوە و پلەی گەرماش سێ بۆ پێنج پلە داببەزێت؛ هاوکات هۆشداری لە بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو دەدرێت.
رۆژی یەکشەممە، 25ـی تشرینی یەکەمی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، بەهۆی درێژبوونەوەی نزمەپاڵەپەستۆی دەریای ناوەڕاست و دەریای سوور بۆ سەر ناوچەکە، لە کاتەکانی بەیانیی رۆژی پێنجشەممە 29-10-2026، شەپۆلێکی بارانبارین دەستپێدەکات و لەگەڵ بارانەکەشدا هەورەبرووسکە چالاک دەبێت.
کەشناسی دەڵێ، کە کاریگەریی شەپۆلەکە بە شێوەی بارانی مامناوەند و هەندێک کات لێزمەباران دەبێت و تاوەکو رۆژی 31-10-2026 بەردەوام دەبێت، هاوکات لە کاتی لێزمەباراندا ئەگەری بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو هەیە.
سەبارەت بە بڕی بارانبارینی پێشبینیکراو لە ماوەی ئەم شەپۆلەدا، کەشناسی بڵاویکردووەتەوە:
سەنتەری پارێزگاکان: زیاتر لە 12 ملم.
سەنتەری ئیدارە سەربەخۆکانی (رانیە، زاخۆ و سۆران): زیاتر لە 15 ملم.
سەنتەری ئیدارەی گەرمیان: زیاتر لە 8 ملم.
ناوچە شاخاوییەکان و سنوورییەکان: زیاتر لە 20 ملم .
کەشناسیی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەداوە، هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی شەپۆلەکە، پلەی گەرما بە نزیکەی سێ بۆ پێنج پلەی سیلیزی نزم دەبێتەوە و رۆژی هەینیش خێرایی با زیاد دەکات بۆ سەرووی 25 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا، رۆژی شەممەش شەپۆلەکە کۆتایی دێت.
هاوکات ئاسۆ کەمال، شارەزای کەشناسی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کەشوهەوا بۆ رۆژانی داهاتوو ئاسمان نیمچەهەور بۆ هەور دەبێت و کاریگەریی نزمەپاڵەپەستۆش لەسەر ناوچەکان دەبێت؛ بەڵام رۆژانی پێنجشەممە و هەینی شەپۆلەکە دەگات و کاریگەری لەسەر هەموو ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەبێت، هەروەها پلەی گەرماش بەپێی جیاوازیی ناوچەکان دادەبەزن."



