رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی سلێمانی دەڵێت، داوایان کردووە هەر ماڵێک بەرمیلێک نەوتی بۆ زستانی ئەم ساڵ پێ بدرێت، بۆ ئەوەش پێویستیان بە 110 ملیۆن لیتر نەوتە.
ئەمڕۆ 27ی ئۆکتۆبەری 2026، لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 10:00ی تۆڕی میدیایی رووداو، کە ئارێز خالید لە ستۆدیۆکانی سلێمانی پێشکێشی دەکات؛ سەلام عومەر، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی سلێمانی گوتی، "داوامان کردووە حکومەتی عێراق نەوت بۆ ماڵان دابین بکات، بەڵام تاوەکو ئێستا روون نییە بەغدا کەی و چەند نەوت بۆ هەرێمی کوردستان دەنێرێت. وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان هەوڵی جیدی دەدات بۆ دابینکردنی نەوت. تاوەکو ئێستا بە فەرمی هیچمان پێ نەگەیشتووە، نازانین نەوتمان بۆ دابین دەکرێت یان نا."
نەوت و کانزاکانی سلێمانی بۆ دابەشکردنی بەرمیلێک نەوت (200 لیتر) بۆ هەر خێزانێک، داوای 110 ملیۆن لیتر نەوتی کردووە، سەلام عومەر دەڵێت، "تیمەکانمان بە خێرایی دەتوانن نەوت دابەش بکەن، بەڵام بڕی دابەشکردنەکەی پەیوەستە بەوەی بەغدا چەند نەوتمان بۆ دەنێرێت. ساڵی رابردوو بەغدا 50 ملیۆن لیتر نەوتی بۆ ناردین، بۆیە هەر خێزانێک بڕی 100 لیتر نەوتی پێدرا. ئەم ساڵیش هەر کات نەوت گەیشتە دەستمان، دەست بە دابەشکردنی دەکەین."
سەبارەت بە شێوازی دابەشکردنی نەوت، سەلام عومەر گوتی، "دوای گەیشتنی نەوت، پشکنین بۆ نەوتەکە دەکرێت و دواتر کۆگا دەکرێت، پاشان لە ناوچە شاخاوییەکانەوە دەست بە دابەشکردنی نەوت دەکەین، دواتر دەوروبەری شارەکان و لە کۆتاییدا سەنتەری شارەکان نەوتیان پێ دەدرێت. ئەگەر بڕێکی زۆر نەوتمان بۆ دابین بکرێت، دەتوانین لە دوو هەفتەدا نەوت بەسەر زۆرینەی ناوچەکاندا دابەش بکەین. بەڵام ساڵی رابردوو بەهۆی ئەوەی رۆژانە سێ بۆ چوار تانکەر نەوتمان بۆ دەهات، پرۆسەی دابەشکردنی نەوت بە سستی بەڕێوەدەچوو. لەو کاتەدا ناچاربووین چەند رۆژێک نەوت کۆبکەینەوە و دواتر لە ناوچەیەک دابەشی بکەین."
ساڵی رابردوو هەر خێزانێک 100 لیتر نەوتی پێدرا، سەلام عومەر دەڵێت، "پار بڕێکی کەم نەوتمان بۆ دابینکرا. لە بەڕێوەبەرایەتییەکەمان دانیشتووانی سلێمانی کراونەتە 10 مەڵبەند. ساڵی پێشوو تاوەکو مەڵبەندی 8 توانیمان نەوت دابەش بکەین. ئەم ساڵیش کاتێك نەوتمان بۆ دابینکرا، لە مەڵبەندی هەشتەوە دەست دەکەینەوە بە دابەشکردنی نەوت."
لە چەند مانگی رابردوودا، نرخی نەوت لە بازاڕەکان بەرزبووەتەوە، بە جۆرێک لە مانگی ئایاری ئەم ساڵ بەرمیلێک نەوت لە هەرێمی کوردستان بە 160 هەزار دینار بوو، لە نێوەڕاستی مانگی تەممووزدا گەیشتە 200 هەزار دینار و لە مانگی ئەیلوولیشدا بۆ سەرووی 300 هەزار دینار بەرزبووەوە.
.jpg&w=3840&q=75)