رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەڵەبجە پەیامێک ئاراستەی هاونیشتمانییانی شارەکە دەکات، ئەوەش بە مەبەستی رێگری لە دروستبوونی قەرەباڵخی.
رۆژی سێشەممە، 27ـی تشرینی یەکەمی 2027، بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەڵەبجە لە داواکارییەکدا بۆ هاونیشتمانییان رایگەیاند: "وەک ئاگادارن، لە سبەینێ رۆژی چوارشەممەوە و بەبۆنەی بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵی هەناری هەڵەبجە، شارەکەمان پێشوازی لە هەزاران میوانی بەڕێز و قەدرگران دەکات. لەپێناو پەکنەکەوتنی جووڵەی هاتووچۆ و کەمکردنەوەی جەنجاڵی کە ئەرکمانە، بە پێویستی دەزانین دوو داواکاریی گرنگ ئاراستەی هاووڵاتییانی خۆشەویست بکەین."
هاتووچۆی هەڵەبجەدا داوا لە دانیشتووانی دەوروبەری پارکی شاری یاریی هەڵەبجە دەکات، بۆ سەردانیکردنی فێستیڤاڵەکە ئۆتۆمبێلی تایبەتیی خۆیان بەکارنەهێنن و بە پێ بڕۆن، تاوەکو جووڵەی هاتووچۆ ئاسانتر بێت و رێگە لە دروستبوونی قەرەباڵخی بگیرێت.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا هاتووە: "داوا لە تەواوی شۆفێرانی بەڕێزی شارەکەمان دەکەین، ئۆتۆمبێلەکانیان لە شەقامەکانی سەنتەری شاردا رانەگرن، بە مەبەستی کەمکردنەوەی جەنجاڵی و ئاسانکاری بۆ هاتووچۆی میوانان."
ستار مەحموود، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەڵەبجە، ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "سبەی فێستیڤاڵی هەناری هەڵەبجە دەست پێدەکات و بۆ چوار رۆژ بەردەوام دەبێت".
لیژنەیەکی باڵا لە هەڵەبجە بۆ بەڕێوەبردنی فێستیڤاڵەکە پێکهێندراوە و نوێنەری هەموو فەرمانگەکانی تێدایە و دەڵێن، هەموو ئامادەکارییەکیان کردووە بۆ ئەوەی قەرەباڵخیی زۆر دروست نەبێت و رێکاری ئەمنی پارێزراو بێت.
لە دوو ساڵی رابردوودا فێستیڤاڵی هەنار لە هەڵەبجە لە رۆژانی 30 و 31ـی مانگی 10 دەستی پێکردبوو و بۆ سێ رۆژ بەردەوام ببوو، ئەم ساڵ چوار رۆژ بەردەوام دەبێت.

.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)