رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی گەرمیان بە رووداوی راگەیاند، کەسێک لە کەلار بە فەرمانی دادوەر راگیراوە، دوای ئەوەی لەکاتی پشکنینی مۆبایلەکەیدا زیاتر لە 400 وێنەی تایبەتی ئافرەت بیندراون، کە بەشێکیان "نەشیاو بوون."
سۆران محەممەد غەریب، گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لەکاتی لێکۆڵینەوە و پشکنینی مۆبایلی ئەو هاونیشتمانییەدا لەسەر دۆسیەیەک لەلایەن پۆلیسەوە، زیاتر لە 400 وێنەی تایبەتی ئافرەتان بیندران، کە بەشێکیان وێنەی نەشیاو و زۆر تایبەتن."
گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان ئاماژەی بەوەش کرد، "لە لێکۆڵینەوەکاندا دەرکەوتووە ئەو وێنانە لە ئینتەرنێتەوە دانەبەزێندراون و دروستکراویش نین، بەڵکو وێنەی راستین و گومان دەکرێ ئافرەتەکان بەتایبەت بۆ خۆیانیان ناردبێت و ئەویش لە مۆبایلەکەیدا هەڵیگرتبن."
لەبارەی رێکارە یاساییەکانیش، سۆران محەممەد غەریب گوتی، "کەسەکە بە فەرمانی دادوەر بانگهێشتی پۆلیس کرا و لێکۆڵینەوە لەگەڵی دەستیپێکرد. لەسەر بڕیاری دادوەریش بەپێی مادەی 2 لە یاسای قەدەخەکردنی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن راگیراوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە."
سەرچاوەیەک بە رووداوی گوت، ئەو هاونیشتمانییە پێشتر وەک کەسایەتییەکی ئایینی ناسرابوو، لە مزگەوت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەردەکەوت.
سەرچاوەکە گوتیشی، ئەو هاونیشتمانییە کاری بازرگانییش دەکات و بەڕێوەبەری رێکخراوێکە لە بواری پەروەردەدا.
.jpg&w=3840&q=75)
