رووداو دیجیتاڵ
دوای 25 رۆژ لە بێسەروشوێنبوونی لە رێگەی کۆچ لە نێوان یۆنان و تورکیا، تەرمی سەیید بۆتان، هاونیشتمانیی لەدایکبووی ساڵی 1978ـی خەڵکی هەولێر لە ساردکەرەوەی مردووخانەیەک لە تورکیا دۆزرایەوە. کەسوکارەکەی داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن لە گەڕاندنەوەی تەرمەکەیدا هاوکارییان بکات.
رۆژی سێشەممە، 27ـی تشرینی یەکەمی 2026، دیدار عەبدولعەزیز، ئامۆزای سەیید بۆتان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "سەیید بۆتان لەگەڵ کوڕی خەزووری دەیانویست بە رێگەی قاچاخ بچنە دەرەوەی وڵات. لە 27ـی ئەیلوولەوە مۆبایلەکەی داخرا، دەنگی نەما و وەتسئەپەکەشی لە هێڵ نەما. ئێمەش لەو رۆژەوە بەردەوام بووین لە سۆراخکردنی و قسەمان لەگەڵ کوڕی خەزووری کرد. ئەو پێی دەگوتین کە سەیید بۆتان خۆی لە ئاوی نێوان تورکیا و یۆنان داوە و بە مەلەکردن پەڕیوەتەوە و ئەوی جێهێشتووە."
ئامۆزای ئەو کۆچبەرە باسی لەوەش کرد: "بەردەوام پەیوەندیمان بە کوڕی خەزوورییەوە دەکرد، بەڵام دواتر ژمارەکەمی بلۆک کرد. لەلایەن خۆمانەوە لە گەڕان و بەدواداچوون بەردەوام بووین."
چۆن تەرمەکە دۆزرایەوە؟
لەبارەی چۆنیەتیی دۆزینەوەی تەرمەکەی لە تورکیا، دیدار عەبدولعەزیز گوتی: "کەسێک بە ناوی یەشار کە بۆ بەدواداچوونی کەیسی مردنی سێ منداڵە کوردەکەی ئەدیرنە چووبووە تورکیا، پەیوەندیی پێوە کردم و گوتی کە لەنێو ساردکەرەوەی مردووخانەیەک لە تورکیا پێیان راگەیاندووە هاووڵاتییەکی دیکەی عێراقیش لێرەیە. پاش ئەوەی چووەتە ژوورەوە و سەیری کردووە، تەرمی سەیید بۆتانی ناسیوەتەوە و پەیوەندی پێوە کردین."
سەبارەت بە دڵنیابوونەوە لە ناسنامەکەی، ئامۆزاکەی ئاماژەی بەوە کرد: "پێیان گوتین، سێ تاتۆ لەسەر جەستەی هەیە. لەسەر قۆڵی راستی بە ئینگلیزی نووسراوە 'خۆشەویستیی باوکم'، لە دەستی چەپی وێنەی گورگێک هەیە و لەسەر سنگیشی وێنەی هێڵکاریی دڵ هەیە. بەمەش 100% دڵنیابووینەوە کە تەرمی سەیید بۆتانە، چونکە هەمان ئەو سێ تاتۆیەی هەبوو."
ئامۆزای سەیید بۆتان داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات هاوکارییان بکات بۆ ئەوەی تەرمەکەی بگەڕێننەوە بۆ هەرێمی کوردستان.
سەیید بۆتان لەدایکبووی ساڵی 1978ـە، خەڵک و دانیشتووی شاری هەولێر بوو و خاوەنی سێ منداڵە (دوو کچ و یەک کوڕ).
راپۆرتی توێکاری و پشکنینی تەرم
لە راپۆرتی توێکاریی تەرمی سەیید بۆتان کە کۆپییەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، ئاماژە بە وردەکارییەکان دراوە و هاتووە:
رۆژی 03-10-2026 نزیکەی کاژێر 1:48ــی دوای نیوەڕۆ، هەواڵ لەبارەی دۆزینەوەی تەرمێک لە سنووری ناوچەی قوم ئۆجاغی گەڕەکی قەرەئاخاچ لە پارێزگای ئەدیرنە، بە تیمەکانمان درا.
هێزە ئەمنییەکان چوونە شوێنی دیاریکراو و تەرمی پیاوێکی بیانی و نەناسراویان دۆزییەوە کە لە ئاودا خنکابوو. دۆخەکە بە ئیلکە ئۆزکان، داواکاری گشتیی ئێشکگر راگەیێندرا.
ئیلکە ئۆزکان دوای بانگکردنی تیمەکانی ئافاد، کاژێر 3:30ـــی دوای نیوەڕۆ لەگەڵ تیمەکانی پشکنینی شوێنی رووداو گەیشتنە ئەوێ. پشکنینی پێویست کرا و هیچ دۆخێکی گوماناوی بەدینەکرا؛ شوێنەواری چەقۆ، ئامێری بڕەر و گوللە نەبینرا؛ تەرمەکە ئاوسابوو و لە سەرەتای قۆناخی شیبوونەوەدا بوو، بەنزیکەیی حەوت بۆ 10 رۆژ بەسەر گیانلەدەستدانیدا تێپەڕیبوو.
ئەو کەسە بلوزێکی رەشی لەبەردابوو، پانتۆڵێکی رەش، قایشێک، جووتێک پێڵاوی وەرزشیی رەشی مارکەی کاپا (Kappa)، لە دەستی چەپی کاژێرێکی مارکەی کەرین (Curren)، لە گیرفانیدا مۆبایلێکی مارکەی رێدمی (Redmi)، پاکەتێک جگەرە، دوو چەرخ، هەروەها چوار بۆ پێنج فلتەری جگەرەی پێبوو، بەڵام هیچ ناسنامەیەکی پێ نەبوو.
لەسەر قۆڵی راستی تاتۆیەک هەیە کە پێدەچێت نووسرابێت "I love you some ..."، (وشەی کۆتایی دەرناکەوێ) لەسەر قۆڵی چەپی تاتۆی وێنەی گورگ هەیە، لەسەر سنگی لای راستیدا تاتۆی هێڵکاریی لێدانی دڵ و نووسینێک بە زمانێکی بیانی هەبوو.
وێنە و گرتەی ڤیدیۆیی لە تەواوی شوێنی رووداوەکە بەو شێوازەی هەبوو گیرا. دوای ئەوەی رێنمایی پێویست لەلایەن داواکاری گشتیی ئێشکگرەوە درا، فەرمانی گواستنەوەی تەرمەکە بۆ ساردکەرەوەی نەخۆشخانەی زانکۆی تراکیا بە مەبەستی پشکنین درا.
رۆژی 03-10-2026 کاژێر 6.10ــی ئێوارە بە ئۆتۆمبێلێکی ژمارە تابلۆ (22 SA 080) کە مستەفا هاڤالە شۆفێرەکەی بوو، داواکاری گشتی، نووسەری دادگە ، پسپۆڕی دادپزیشکی ، یاریدەدەری توێکاری ، دوو کامێرامان گەیشتنە ساردکەرەوەی نەخۆشخانەکە. تەرمەکە لە شوێنێکی گونجاوی ساردکەرەوەکەدا دانرا.
زانیاری لەسەر تەرمەکە: لەبەر ئەوەی هیچ بەڵگەیەک بەردەست نەبوو، نەتوانرا ناسنامەکەی دیاری بکرێت، بۆیە رێکارەکانی توێکاری بەبێ بوونی شایەتحاڵی ناسینەوە ئەنجامدران.


