رووداو - رادیۆ
خاوەنی کۆمپانیایەکی بەڵێندەرایەتی لە سنووری پارێزگای هەولێر دەڵێت، سەرەڕای ئەوەی لە کۆتایی ساڵی 2024ـەوە چەکی پێشینەی پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاریی لە قەزای شەقڵاوە بۆ کراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا پارەکەی پێنەدراوە و ناچار بووە پڕۆژەکە رابگرێت؛ قایمقامی قەزاکەش هۆکارەکەی بۆ نەبوونی نەختینە لە بانکەکاندا دەگەڕێنێتەوە.
رزگار مەولوود خەیلانی، بەڕێوەبەری کۆمپانیای سەرمایە، بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، پڕۆژەکەیان قیرتاوکردن، کۆنکرێت و رێکخستنی کەرتی گەشتیاریی شەقڵاوە لەخۆدەگرێت و لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگای هەولێرە؛ تاوەکو ئێستاش نزیکەی 80٪ـی کارەکانی تەواو کردووە، بەڵام بەهۆی پێنەدانی پارەوە کارەکانی راگرتووە.
رزگار خەیلانی گوتی: "گوژمەی گشتیی پڕۆژەکە نزیکەی 780 ملیۆن دینارە، لەو بڕە تەنیا 100 ملیۆن دینارم پێدراوە، لە کاتێکدا چەکی پێشینەم بە بڕی 154 ملیۆن دینار لە (12-12-2024) لەسەر بانکی منارە بۆ کراوە، کەچی تاوەکو ئێستا خەرج نەکراوە." خاوەنی کۆمپانیاکە ئاماژەی بەوەش کرد، تەنیا بۆ رسوومات و دڵنیایی مامەڵەکان 11 ملیۆن دیناری خەرجکردووە و بەرپرسانی بانکیش وەڵامی پەیوەندییەکانی نادەنەوە.
سوارە ئەکرەم، قایمقامی قەزای شەقڵاوە بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "هۆکاری سەرەکیی دواکەوتنی شایستەی دارایی بەڵێندەران ئەوەیە کە بانکەکان نەختینەی (کاش) پێویستیان نییە بۆ خەرجکردنی پارە، هەروەها پەیوەستە بە رەزامەندیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بانکە بازرگانییەکان لە وەزارەتی دارایی."
قایمقامی شەقڵاوە ئاماژەی بەوەدا، نەک تەنیا شایستەی بەڵێندەران، بەڵکو پێشینەی بەشێک لە فەرمانگەکانی حکومەتیش کە رەزامەندییان هەیە، بەهۆی گرفتی نەختینەوە راگیراون، گوتیشی: "ئەم کێشەیە تەنیا لە شەقڵاوە نییە، بەڵکو لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستاندا هەیە و سەرەڕای هەوڵەکان لەگەڵ پارێزگار و وەزارەت، هێشتا چارەسەری بنەڕەتیی بۆ نەکراوە."
تۆڕی میدیایی رووداو چەندین جار پەیوەندی بە بەڕێوەبەری گشتیی بانکە بازرگانییەکان لە وەزارەتی دارایی کرد بۆ وەرگرتنی روونکردنەوەی زیاتر، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەکانی نەدایەوە.



