رووداو دیجیتاڵ
دانیشتنی ئەمڕۆی دادگاییکردنی لاهوور شێخ جەنگی و 21 کەسی دیکە لەسەر دۆسیەیەکی نوێ بە مادەی 406 لە دادگەی تاوانەکانی سلێمانی دواخرا؛ گوتەبێژی تیمی پارێزەرانیشیان دەڵێ، داوای دواخستنی دانیشتنەکەیان کردووە و داوا دەکەن راگیراوان لە ئاسایشەوە بگوازرێنەوە بۆ گرتن و گواستنەوە.
رۆژی چوارشەممە، 27ـی تشرینی یەکەمی 2026، دانا تەقیەدین، گوتەبێژی تیمی پارێزەرانی دۆسیەی لالەزار بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بڕیار بوو ئەمڕۆ لاهوور شێخ جەنگی و 21 کەسی دیکە کە لە زیندانن، لە دادگەی تاوانەکانی 2ـی سلێمانی دادگایی بکرێن. جیا لە دۆسیە کۆنەکە، بڕیار بوو ئەم دانیشتنە ببێتە یەکەم دانیشتن لە دۆسیەیەکی نوێدا کە بەپێی مادەی 406ـی تایبەت بە کوشتن بەڕێوەبچێت."
لەبارەی هۆکاری بەڕێوەنەچوونی دانیشتنەکەی ئەمڕۆ، دانا تەقیەدین گوتی: "ئێمە وەک تیمی پارێزەران دوێنێ داوامان کردبوو کە ئامادە نابین و پێویستە دۆسیەکە دوابخرێت. ئەمڕۆش هیچ کام لە رێکارە یاساییەکان نەکراون و نووسراو بۆ هێنانی راگیراوان بۆ دادگە نەکراوە، ئەوەش بەو مانایە دێت کە داواکارییەکەمان قبووڵ کراوە و دانیشتنەکە دواخراوە."
سەبارەت بە داواکاری و تێبینییە یاساییەکانیان لەسەر دۆسیەکە، گوتەبێژی تیمی پارێزەران روونیکردەوە: "هۆکاری داواکارییەکەمان ئەوەیە، دەمانەوێت داوا لە دادگە و لایەنە پەیوەندیدارەکان بکەین کە ئەم کەیسە وەک کەیسی رابردوو لێنەکەن و رێکاری یاسایی خۆی وەربگرێت. بەپێی یاسا نابێت راگیراوان لە ئاسایش بن، لە ئێستاشدا جگە لە لاهوور شێخ جەنگی و پۆڵادی برای و رێبواری حەمەی حاجی غالی، گیراوانی دیکە لە ئاسایشی سلێمانین، لە کاتێکدا ئەمە رێکارێکی یاسایی نییە و دەبێت راگیراوان لە بەڕێوەبەرایەتیی گرتن و گواستنەوە بن."
دوای هەشت دانیشتنی دادگە، لە 15-10-2026، دادوەرانی دۆسیەی لالەزار، بە ماددەی 56ـی تایبەت بە پلاندانان و هەوڵدان بۆ کوشتن، لاهوور شێخ جەنگییان بە پێنج ساڵ و سێ مانگ زیندانیکردن سزا دا، هەروەها پۆڵاد شێخ جەنگی بە سێ ساڵ و شەش مانگ و رێبوار حامید حاجی غالی بە دوو ساڵ سزا دران، هەشت کەسی دیکەش بە کاتی جیاواز حوکم دران و دووانیشیان بێتاوان ناسێندران.
یەکەم جار 12ـی کانوونی دووەمی 2026 و دوایین جاریش 15-10-2026 لاهوور شێخ جەنگی برایە دادگە، بەڵام لە هەموو دانیشتنێکدا گوتەی لێ وەرنەگیراوە.
رۆژی 22-08-2025ـدا، دوای رازیی نەبوونی لاهوور شێخ جەنگی بەوەی خۆی رادەست بکات، هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی هێرشیان کردە سەر هۆتێل لالەزار. دوای سێ کاژێر رووبەڕووبوونەوە، لاهوور شێخ جەنگی، پۆڵادی برای و ئەندامانی هێزەکەی دەستگیر کران.
لە پێکدادانەکەی 22ـی ئابدا ئەوەی بە فەرمی راگەیێندرا گیانلەدەستدانی پێنج کەس و برینداربوونی زیاتر لە 20 کەسی دیکە بوو.




