رووداو دیجیتاڵ
تەرمی دوو لەو منداڵانەی لە تورکیا خنکان گەیێندرانەوە هەرێمی کوردستان، خاڵی منداڵەکان دەڵێ، کاژێرێکی دیکە تەرمەکان دەگەیێندرێنە سلێمانی و بەخاک دەسپێردرێن.
بەرزان رەزا، ئەمڕۆ چوارشەممە 27-10-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تەرمی منداڵەکان کاژێر 5:30 خولەکی بەرەبەیان گەیێندرانە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و دواتر بە ئەمبوڵانس بەڕێکران بۆ سلێمانی."
بەرزان رەزا گوتی: "بە ئامادەبوونی دایک و باوک و کەسوکارەکەی لە گۆڕستانی نوێی سلێمانی (گۆڕستانی کۆرۆنا) بە خاک دەسپێردێن."
14ـی ئەم مانگە لە کاتی هەوڵدان بۆ گەیشتن بە یۆنان، بەلەمێکی چووپی کۆچبەران لە رووباری مەریچ لە تورکیا نقوم بوو بەهۆیەوە سێ منداڵی کورد کورد خنکان، بەڵام دایک و باوکیان رزگاریان بوو.
کۆچبەرەکان هەشت کەس بوون و ویستوویانە لە شاری ئەدیرنەی تورکیاوە بچنە یۆنان، پێکهاتبوون لە خێزانێکی پێنج کەسی (دایک و باوک و سێ منداڵەکەیان) و سێ گەنجی دیکە بوون، کە ئەوانیش خەڵکی هەرێمی کوردستان بوون.
دوای رووداوەکە تەرمی دوو لە منداڵەکان دۆزرانەوە و رەوانەی دادپزیشکیی ئەدیرنە کران لە تورکیا، بەڵام تەرمی منداڵەکەی دیکە نەدۆزراوەتەوە. بەرزان رەزا گوتی: "گەڕان بەدوایدا بەردەوامە".



