رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ چوارشەممە 28-10-2026 فێستیڤاڵی هەنار لە شاری هەڵەبجە دەستیپێکرد و چوار رۆژ بەردەوام دەبێت، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی شارەکە دەڵێت، ئەم ساڵ بەراورد بە پار هەنار کەمە، بەڵام کواڵیتی بەرزە. کەشناسێکێش پێشىینی دەکات، کەشی رۆژانی فێستیڤاڵ باراناوی بێت.
هەناری هەڵەبجە؛ بڕ و جۆرەکانی
ستار مەحموود، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەڵەبجە، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ساڵانە 10 هەزار و 600 دۆنم زەوی لە سنوورەکەمان وەکو باخی هەنار بەرهەمیان هەیە، بەڵام ساڵ بۆ ساڵ بەگوێرەی کەشوهەوا بڕی بەرهەمەکە گۆڕانی بەسەردا دێت".
بەگوێرەی وەزارەتی کشتوکاڵ، ساڵانە لە وەرزی پێگەیشتندا هەرێمی کوردستان نزیکەی 80 هەزار تۆن هەنار بەرهەمی دەبێت، زۆرینەی بەرهەمەکە لە سنووری پارێزگای هەڵەبجەیە.
ستار مەحموود گوتی: "لە ساڵێکی ئاساییدا بەرهەمی هەناری سنوورەکەمان 30 بۆ 35 هەزار تۆن دەبێت، بەڵام هەموو ساڵێک بڕەکە ناگاتە ئەوە و پێشبینی دەکەین ئەم ساڵ بەرهەممان نزیکەی 20 هەزار تۆن بێت".
بەگوتەی بەڕێوەبەری کشتوکاڵی هەڵەبجە، هەناری ئەم ساڵ کەمتر دەبێت لە ساڵی رابردوو، بەڵام جۆر و کواڵیتییەکەی باشتر دەبێت.
لە هەڵەبجە نزیکەی 20 جۆر هەنار هەن، بەناوبانگترینیان سالەخانییە، هەروەها جۆرەکانی ئەمریکی، لاڕەشە، کاراڵی، مەلەسی و ملەکەوی ئەوانەن خواستی زۆریان لەسەرە.
چەند ساڵێکە بەشێکی باخەوانانی پارێزگای هەڵەبجە بایەخ بە هەناری جۆری ئەمریکی دەدەن، بەڕێوەبەری کشتوکاڵ لەبارەی هۆکارەکەیەوە دەڵێت: "هەنارەکە گەورەیە و جوانە، لە بازاڕدا خواستی لەسەرە و بەراورد بە جۆرەکانی دیکەی هەنار زووتریش پێدەگات".
لە زۆرینەی ناوچەکانی هەڵەبجە و لەنێویاندا دەڤەری هەورامان داری هەنار هەیە و ساڵانە بەرهەمیان دەخرێتە بازاڕەوە. ستار مەحموود گوتی: "ساڵانی رابردوو بەناوبانگترین هەناری هەڵەبجە هەناری سازان و باوە کوچەک بوو، ئێستا هەناری هەموو هەڵەبجە تایبەتمەندی و خواستی زۆری هەیە".
ئەو بەرهەمانەی لە فێستیڤاڵدا دەخرێنەڕوو
فێستیڤاڵی هەنار لە هەڵەبجە تەنیا پەیوەست نییە بە هەنارەوە، بەڵکو بەگوێرەی رێکخەرانی، چەندین بەرهەمی خۆماڵی تێیدا بۆ فرۆشتن دەخرێنەڕوو.
لە فێستیڤاڵەکەدا جگە لە هەنار، گوێزی هەورامان، دۆشاو، خواردنی کوردی ئامادەکراو، کاری دەستی، شیرەمەنی، هەنگوین، مێوژ و هەموو بەرهەمە پاییزی و خۆراکە وشکەکانی تێیدا دەفرۆشرێن.
لەگەڵ خستنەڕووی بەرهەمەکاندا، لە فێستیڤاڵی هەناری هەڵەبجە چەندین چالاکی کولتووری و هونەری دەکرێن.
کەشوهەوای رۆژانی فێستیڤاڵ
سالار حاجی عەلی، شارەزای کەشناسی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "پێشبینی دەکرێت شەپۆلی بارانبارین چوارشەممە سەرەتا لە پارێزگاکانی دیکەی عێراقەوە دەست پێدەکات و دواتر دەگاتە سنوورەکانی هەرێمی کوردستان و لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکانی دهۆک و هەولێر دەست پێدەکات، دواتر بەرەو سلێمانی، کەرکووک و هەڵەبجە بڵاو دەبێتەوە و بارانبارین چالاک دەبێت".
ئەو کەشناسە پێشبینی دەکات، لە شەوی چوارشەممەوە تاوەکو سەرەتای مانگی 11، لە ناوچە جیاکانی هەرێمی کوردستان لەنێوان 15 بۆ 50 ملیمەتر باران ببارێت. هەروەها دەڵێت: "بەهۆی چڕبوونەوەی لەناکاوی هەور، ئەگەری بەرزبوونەوەی ئاو و لافاو لە بەشێکی ناوچەکان هەیە".
مەرجەکانی بەشداربوون لە فێستیڤاڵی هەنار
بۆ ئەم ساڵ، لیژنەی باڵای فێستیڤاڵی هەنار مەرجێکی نوێی بۆ بەشداربووان داناوە و رایگەیاندووە: "لەپێناو پاراستنی ژینگە و سرووشتی ناوچەکە، سەرجەم خاوەن کۆشکەکان پابەند دەکرێن بەوەی تەنیا کەلوپەلی دۆستی ژینگە بۆ پێشکەشکردنی خواردن و بەرهەمەکانیان بە گەشتیاران بەکاربهێنن".
هەروەها کراوەتە مەرج، کە هەموو ئەو کەسانەی لە فێستیڤاڵەکەدا خواردن یان بەرهەم پێشکەش دەکەن، کارتی تەندروستی دەربهێنن و پێشوەختە چەند پشکنینێکی پزیشکی بکەن. لەوانە پشکنینەکانی پەتای جگەر لە جۆری B و C، پشکنینی ئایدز (HIV) و هەروەها پشکنینەکانی GSE و VDRL، تاوەکو لە سەلامەتیی تەندروستییان دڵنیایی بدرێت.
لە رێنماییەکاندا گرنگییەکی زۆر بە رێکاری پاکوخاوێنی دراوە؛ بە جۆرێک دەبێت کارمەندان و بەشداربووان لە کاتی کارکردندا کڵاو و دەستکێش بەکاربهێنن، هاوکات لە هەموو کەپرێکدا عەلاگەی گەورە بۆ کۆکردنەوەی پاشماوەکان دابنرێت بۆ ئەوەی ژینگەی پارکەکە بە پاکی بمێنێتەوە.
ساڵانە رێژەی بەشداربووان زیاد دەبێت
ئەم ساڵ رۆژەکانی فێستیڤاڵی هەنار رۆژێک زیاد کراوە، پار زیاتر لە 400 هەزار گەشتیار و سەردانیکار چوونە هەڵەبجە بۆ فێستیڤاڵی هەنار، رێکخەرانی فێستیڤاڵەکە کار دەکەن ئەم ساڵ ژمارەکە زیاتر بێت لە پار.
لە دوو ساڵی رابردوودا فێستیڤاڵ لە رۆژانی 30 و 31ـی مانگی تشرینی یەکەم (مانگی 10) دەستی پێکردبوو و بۆ سێ رۆژ بەردەوام ببوو، ئەم ساڵ چوار رۆژ بەردەوام دەبێت.
ئامارەکانی فێستیڤاڵی پار:
سەردانیکاران: 419 هەزار و 700 کەس
کۆی داهات و فرۆش: ملیارێک و 700 ملیۆن دینار.
فرۆشی خواردەمەنی: 800 ملیۆن دینار.
فرۆشی بەرهەمی کشتوکاڵی: 700 ملیۆن دینار.
فرۆشی کاری دەستی: 200 ملیۆن دینار.
بەگوێرەی ئاماری رێکخەرانی فێستیڤاڵەکە، ساڵی 2024 زیاتر لە 285 هەزار سەردانیکار و ساڵی 2023 زیاتر لە 270 هەزار سەردانیکار چووبوونە فێستیڤاڵی هەنار لە هەڵەبجە.
