رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە گرووپێکی دیکەی کۆچبەرانی کورد کە لە لیبیا گیریان خواردبوو، بگەڕێندرێنەوە هەرێمی کوردستان.
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، بڕیارە کاژێر 10:00ـی بەیانی پێنجشەممە، ئەو گرووپە کۆچبەرە دوای زیاتر لە دوو مانگ مانەوەیان لە لیبیا، لە رێگەی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا، لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە بگەنەوە هەرێمی کوردستان.
ئەو گرووپەی دەگەڕێندرێنەوە لە شەش گەنج پێکدێن؛ چواریان خەڵکی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕینن، یەکێکیان خەڵکی قەزای کۆیەیە و ئەوەی دیکەشیان دانیشتووی قەزای دووکانە.
باوکی یەکێک لەو کۆچبەرانە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، زیاتر لە دوو مانگە کوڕەکەیان لە لیبیا گیری خواردووە، کە بە نیازی گەیشتن بە ئەورووپا رێگەی ئەو وڵاتەیان گرتبووەبەر، بەڵام لەلایەن قاچاخچییەکانەوە دەستبەسەر کرابوون.
هاوکات ئەبوبەکر عەلی، سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بە گەڕانەوەی ئەو شەش گەنجە، ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی لە ماوەی ساڵێکدا لە تونس و لیبیاوە گەڕێندراونەتەوە هەرێمی کوردستان، 500 کەسی تێپەڕاندووە."
سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان ئاماژەی بەوەش کرد، ئێستا گرووپێکی دیکەی 18 کەسیی کۆچبەران لە لیبیا ماون و لە چەند رۆژی داهاتوودا لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە دەگەڕێندرێنەوە هەرێمی کوردستان.
سەبارەت بەو کۆچبەرانەی تاوەکو ئێستا چارەنووسیان نادیارە، ئەبوبەکر عەلی گوتی: "11 کۆچبەر نزیکەی چوار مانگە بێسەروشوێنن و هیچ سۆراخێکیان نییە."