رووداو دیجیتاڵ
وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دامەزراندنیان نییە و بەگوێرەی بڕیاری نوێی حکومەت، هەر کەسێک کە مووچەکەی لەسەر داهاتی نێوخۆیە واز بهێنێت یان بە هەر هۆکارێک لە کارەکەی نەمابێت، کەسێک لە جێگەی دادەنرێت بە تایبەتی وانەبێژانی لادراو.
ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە 29-10-2026 لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، لە رابردوودا هەزار و 100 وانەبێژی لادراویان لە جێگەی ئەو مامۆستایانە داناوەتەوە، کە گرێبەست بوون و بە هەر هۆکارێک بێت دەستبەرداری کارەکەیان بوون.
وەزیری پەروەردە گوتی: "لەبارەی بڕیاری نوێی لەجێدانانی حکومەت، پێش نۆرەیی بۆ ئەو وانەبێژانەیە کە پێشتر وانەبێژ بوون و لە کار نەماون، بۆ نموونە؛ ئەگەر وەزارەتی پەروەردە 60 بۆ 70 پلەی هەبێت بە دڵنیاییەوە ئەوان دەخرێنە جێگەیان".
وەزیری پەروەردە ئاماژەی بەوە کرد، ئێستا دامەزراندن نییە و لەجێدانانیش "بێشومار نییە" و تەنیا لەجێدانانی ئەوانەیە کە لەسەر داهاتی نێوخۆ بن و وازیان لە ئەرکەکەیان هێنابێت و شوێنەکەیان پڕ دەکرێتەوە.
ئالان حەمەسەعید گوتی، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق لەسەر هێڵە بۆ بەشە نەوتی هەرێمی کوردستان و لەو نێوەندەشدا بۆ ناوەندەکانی خوێندن.
ئالان حەمەسەعید گوتیشی: "لە بەشێکی قوتابخانەکان نەوتی پار ماوە، هەر ناوچەیەک سارد بێت دەتوانن بەکاری بهێنن".
