رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی راپەڕین دەڵێ، باندێک لە سنوورەکە پەیدابوون بە ناوی نووسینگەی رێکخستنی هاوسەرگیرییەوە، داوای پارە لە کچان دەکەن و دواتر بلۆکیان دەکەن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 29ی تشرینی یەکەمی 2026، شۆرش ئیسماعیل، گوتەبێژی پۆلیسی راپەرین بە رووداوی گوت: "دوای ئاگادارکردنەوەمان لەلایەن هاونیشتمانییانی سنوورەکە، بۆمان دەرکەوت باندێک هەیە لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بەناوی نووسینگەی هاوسەرگیری و رێکخستنی کوڕان و کچان، پارە لە کچان وەردەگرن و دواتر بلۆکیان دەکەن."
گوتەبێژی پۆلیسی راپەرین روونی کردەوە، "باندەکە چەند پەیجێکی ساختەیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان درووست کردووە و بە ناوی نووسینگەی رێکخستنی هاوسەرگیرییەوە لەگەڵ کچان قسە دەکەن، دواتر هەژماری کوڕێک دەدەنە کچەکە تاوەکو بۆ هاوسەرگیری قسە بکەن."
پۆلیسی راپەرین ئاماژەی بەوەکرد، "دوای دروستکردنی پەیوەندییەکە، کوڕەکە بە بیانووی نەبوونی پارە بۆ هاوسەرگیری داوای پارە لە کچەکە دەکات و دوای وەرگرتنی چەند بڕێک لە سەرجەم تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کچەکە بلۆک دەکات."
گوتەبێژی پۆلیسی راپەرین گوتیشی: "لەلایەن هاونیشتمانییانەوە ئاگادار کراینەوە چەند کچێک لە سنوورەکە و دەوروبەری ئیدارەی راپەرین کەوتوونەتە داوی ئەو باندەوە و بە بڕی جیاواز و بە شێوەی ئەلکترۆنیی پارەیان لێ وەرگیراوە و دواتر بلۆک کراون."
گوتەبێژی پۆلیسی راپەرین هۆشداریی دایە هاونیشتمانییانی سنوورەکە و رایگەیاند، "سەرجەم ئەو پەیجانە ساختەن و کەسانی قۆڵبڕ و پارەخۆریان لە پشتەوەیە و ئامانجیان دەستکەوتنی پارەیە و تێکدانی شیرازەی خێزانەکانە، با خانمان مامەڵە لەگەڵ ئەو پەیجە ساختانە نەکەن."
بە گوێرەی پۆلیسی راپەرین، "بەدواداچوون بۆ ئەو پەیجە ساختانە دەستیپێکردووە و گەڕان بەدوای ئەو کەسانەی لە پشتی وەرگرتنی پارەن بە ناوی هاوسەرگیرییەوە بەردەوامە."
