رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی هەولێر رایگەیاند، تەرمی ئافرەتێکی کوژراویان دۆزیوەتەوە و چوار کەسیان بە تۆمەتی کوشتنەکەی دەستگیر کردووە. گوتەبێژی پۆلیس دەڵێت، هۆکاری رووداوەکە کێشەی کۆمەڵایەتییە.
پۆلیسی هەولێر ئەمڕۆ چوارشەممە 28-10-2026 لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "ئەمڕۆ ئاگادار کراینەوە لە دۆزینەوەی تەرمی ئافرەتێک لە گوندی شێخ توراب؛ دەستبەجێ تیمەکانمان لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر بەشی پۆلیسی هەریر گەیشتنە شوێنی رووداو و دەست کرا بە لێکۆڵینەوە".
پۆلیسی هەولێر رایگەیاندووە، دوای ئەوەی چوونەتە شوێنی رووداوەکە، چوار تۆمەتباریان بە ناوەکانی: (ح، س، ا - م، ح، س - م، ح، س – و ا، ر، ک) دەستگیر کردووە.
لەبارەی هۆکاری رووداوەکەوە، موقەدەم کیفاح حەسەن، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هۆکارەکە کێشەی کۆمەڵایەتی بووە، ئەو تۆمەتبارانەشی دەستگیر کراون بەشێکیان کەسوکاری ئافرەتەکەن".
پۆلیسی هەولێر پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ رووداوەکە کردووەتەوە و رایگەیاندووە: "لە چوارچێوەی رێکارە یاساییەکاندا مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت و یاسا سەروەر دەبێت".

