رووداو دیجیتاڵ
نزیکەی 200 کرێکاری خزمەتگوزاری لە نەخۆشخانە و ناوەندە تەندروستییەکانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین دوو مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە؛ بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی ناوچەکەش رایدەگەیێنێت، کێشەکە پەیوەندی بە نەبوونی واژۆی وەزیری داراییەوە هەیە.
ئەو کرێکارانەی لە نەخۆشخانە گشتییەکانی رانیە، قەڵادزێ، چوارقوڕنە و حاجیاوا کار دەکەن، پێشتر لە رێگەی کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەتەوە کاریان دەکرد، بەڵام ئێستا گواستراونەتەوە سەر بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی راپەڕین و شێوازی پێدانی مووچەکەیان بۆ "کرێی رۆژانە" گۆڕدراوە.
د. سەفەر حەسەن، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی راپەڕین، بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "سەرجەم لیست و ئامادەکارییە کارگێڕییەکانی تایبەت بە خەرجکردنی مووچەی کرێکاران تەواو کراون، بەڵام ماوەی چوار هەفتەیە لای وەزیری داراییە و واژۆی لەسەر نەکردووە."
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی راپەڕین روونیکردەوە کە مووچەی ئەو 200 کرێکارە بۆ هەردوو مانگی ئاب و ئەیلوول بەهۆی نەبوونی ئەو واژۆ کۆتاییەی وەزارەتی داراییەوە دواکەوتووە.
د. سەفەر حەسەن ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم کێشەیە تەنیا سنووری ئیدارەی راپەڕینی نەگرتووەتەوە، بەڵکو لە تەواوی هەرێمی کوردستاندا هەمان گرفت دروستبووە و گوتیشی: "بەدواداچوونمان کردووە و پێمان راگەیێندراوە کە وەزیری دارایی تەنیا واژۆی لەسەر لیستی مووچەی فەرمانبەران کردووە و ناردنی تەواوی نووسراوەکانی دیکە راگیراون."
