رووداو دیجیتاڵ
کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە زۆربەی ناوچەکان ئەمڕۆ باران دەبارێ و هەورە برووسکە دەبێت، ناوەندی هەماهەنگیی قەیرانەکان ژمارەیەک رێنمایی بۆ خۆپارێزی لە برووسکە بڵاوکردووەتەوە و داوا دەکات، هاونیشتمانییان پێیەوە پابەند بن.
ناوەندەکە لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "بەگوێرەی پێشبینییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ هەینی باران و هەورە برووسکە دەبێت".
بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، "ئەمڕۆ لە سەنتەری شارەکان بۆ هەولێر ئەگەری کەمێک پرووشەباران هەیە، بەڵام بۆ ئیدارە سەربەخۆکانی زاخۆ و سۆران، هەروەها پارێزگاکانی دهۆک، سلێمانی و هەڵەبجە لە بەیانی تاوەکو دوای نیوەڕۆ ئەگەری تاوەباران و هەورە برووسکە هەیە".
رێنماییەکانی خۆپارێزی لە برووسکە:
- دەستبەجێ مۆبایلەکەت دابخە.
- ئەگەر لەژێر یان لە نزیک دارێکی بەرز بووی، خێرا لێی دوور بکەوە.
- لە نزیک ستوونەکانی کارەبا و تەلەفۆن و تاوەرەکانی پەیوەندی و گەیاندن دوور بکەوە.
- لە شوێنی بەرز مەوەستە.
- ئەگەر لە ناوچەیەکی کشتوکاڵی بوویت بکرێت دوور بکەوە لەو شوێنانەی کە داری بەرزی لێیە.
- تاوەکو بکرێت نەچنە شوێنە کراوەکان، ئەگەر بە ناچاری لە شوێنێکی وا بوویت، دەستبەجێ لەسەر زەوی دابنیشە و نەڕۆیت تا گێژەلووکەکە کۆتایی دێت.
- لە کەلوپەل و ئامێری ئاسنینی پەرژینەکان و هەرچی جۆرە بارستە کانزایەکی کەڵەکەبوو بێت، دوور بکەوە.
- لە کەناراوەکانی وەک رووبار و دەریاچەکان و چەم و ناوچە شێدارەکان دوور بکەوە.
- بەکارنەهێنانی ئامێرە کارەباییەکان لە دەرەوەی ماڵەوە لە کاتی نزیکبوونەوەی گێژەلووکەی برووسکە.
- خێرا ئەنتێنی (ئاریەل) ئۆتۆمبێلەکەت دابەزێنە.
- ئەگەر لەناو ئۆتۆمبێل بوویت دامەبەزە، چونکە پەیکەری ئۆتۆمبێلەکەت جۆرێک لە پارێزگاریت پێدەبەخشێت.
- لە هەر رووداوێکی نەخوازراو پەیوەندی بە لایەنی پەیوەندیدارەوە بکەن.

