رووداو دیجیتاڵ
لە بەشێکی پەیجە عەرەبییەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە، کە گوایە ئەمڕۆ هێرشێکی چەکداری لە ناحیەی ئاغجەلەر لە سنووری پارێزگای سلێمانی روویدابێت، بەڵام بەڕێوەبەری ناحیەکە رەتیدەکاتەوە.
لە هەواڵی پەیجە عەرەبییەکاندا هاتووە: "هێرشێکی چەکداری لە ناحیەی ئاغجەلەر لە سنووری پارێزگای سلێمانی روویداوە و بەگوێرەی ئاماری سەرەتایی، کەسێک کوژراوە".
هێمن بەهجەت، بەڕێوەبەری ناحیەی ئاغجەلەر، ئەمڕۆ سێشەممە 03-11-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هەر هەواڵێکی لەو جۆرە رەتدەکەینەوە و هیچ هێرشێک نەکراوە تاوەکو کوژراو هەبێت".
ناحیەی ئاغجەلەر سەر بە قەزای چەمچەماڵە لە پارێزگای سلێمانی و ژمارەی دانیشتووانی زیاترە لە 12 هەزار کەس.

