رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر دەستگیرکردنی ئەو قاچاخچییەی راگەیاند، کە "بووە هۆکاری" مردنی سێ منداڵی خێزانێکی شاری سلێمانی لە تورکیا.
لە راگەیێندراوەکەی ئاسایشی هەولێر کە ئەمڕۆ سێشەممە 03-11-2026 بڵاوکراوەتەوە هاتووە: "ماوەیەک بەر لە ئێستا خێزانێکی شاری سلێمانی بە مەبەستی چوونیان بۆ دەرەوەی وڵات، لەلایەن قاچاخچییەکەوە لە تورکیا، لە کاتی بەقاچاخبردنیان لە رووبارێکی ئەو وڵاتەدا کە بە بەلەمی چۆپ دەگوازرانەوە، بەلەمەکەیان ژێرئاو کەوت؛ ئەمەش بووە هۆکاری گیانلەدەستدانی سێ منداڵ بە ناوەکانی هەستیار، هەریاد و مێلا".
ئاسایشی هەولێر دەڵێت: "دوای کۆکردنەوەی زانیاری و بەدواداچوون، ناسنامەی قاچاخچییەکە بە ناوی (ر. ئە. م.) ئاشکرا کرا؛ پاشان لە کاتی گەڕانەوەی بۆ هەرێمی کوردستان و بە بڕیاری بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر، لەلایەن هێزەکانمانەوە دەستگیر کرا".
لە چوارشەممە 14-10-2026، لە کاتی هەوڵدان بۆ گەیشتن بە یۆنان، بەلەمێکی چووپی کۆچبەران لە رووباری مەریچ لە تورکیا نقوم بوو بەهۆیەوە سێ منداڵی کورد خنکان، بەڵام دایک و باوکیان رزگاریان بوو.
کۆچبەرەکان هەشت کەس بوون و ویستوویانە لە شاری ئەدیرنەی تورکیاوە خۆیان بگەیێننە یۆنان، پێکهاتبوون لە خێزانێکی پێنج کەسی (دایک و باوک و سێ منداڵەکەیان) و سێ گەنجی دیکە بوون، کە ئەوانیش خەڵکی هەرێمی کوردستان بوون.
دوای رووداوەکە تەرمی دوو لە منداڵەکان دۆزرانەوە و 28ـی مانگی رابردوو گەڕێندرانەوە هەرێمی کوردستان.
مێلا، هەریاد و هەستیار ئەو سێ منداڵە بوون کە لە رووداوەکەدا خنکان، تەرمی هەستیار تاوەکو ئێستا نەدۆزراوەتەوە.

