رووداو دیجیتاڵ
لە سەنتەری شاری دهۆک ژنێکی بەساڵاچوو کە دەستگێڕی بووە، لەسەر شەقام لە هۆش خۆی دەچێت و دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانە گیان لەدەست دەدات. پۆلیسی دهۆک دەڵێت، بەهۆی نەبوونی هیچ بەڵگەنامەیەک، تاوەکو ئێستا کەسوکاری نەدۆزراونەتەوە.
رۆژی سێشەممە، 3ـی تشرینی دووەمی 2026، هێمن سلێمان، گوتەبێژی پۆلیسی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئێوارەی ئەمڕۆ لە گەڕەکی شێلێ لە سەنتەری شاری دهۆک، ژنێکی بەساڵاچوو کە کەلوپەلی کوردەواری لەو گەڕەکەدا دەفرۆشت، لە هۆش خۆی دەچێت و دەکەوێت، تاوەکو دەیگەیێننە نەخۆشخانە گیان لەدەست دەدات."
گوتەبێژی پۆلیسی دهۆک ئاماژەی بەوە کرد: "ئەو ژنە جەڵتە لێی داوە. ئێستاش تەرمەکەی لە بەڕێوەبەرایەتیی داد پزیشکی دهۆکە، بەڵام لەبەر ئەوەی هیچ ناسنامەیەکی پێ نییە، تاوەکو ئێستا کەس بە دوایدا نەهاتووە و کەسوکاری پەیدا نەبوون."
بەپێی زانیارییەکان، ئەو ژنە رۆژانە لە کۆڵانەکانی گەڕەکی شێلێ-دا گەڕاوە و سەرقاڵی فرۆشتنی مێوژ، قەزوان و هەندێک خواردن و بابەتی کوردەواری بووە. پۆلیس داوا دەکات هەر کەسێک ناسیاو یان کەسوکاریەتی، تەرمەکەی وەرگرێتەوە.



