رووداو دیجیتاڵ
قەدەخەکردنی وەستانی ئۆتۆمبێل لەسەر شەقامە سەرەکییەکانی نێو بازاڕی قەزای رەواندز لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ناڕەزایەتیی کاسبکارانی لێکەوتووەتەوە و دەڵێن، بەبێ دابینکردنی گەراج بڕیارەکە جێبەجێ کراوە. قایمقامی قەزاکەش رایدەگەیێنێت، لەسەر هێڵن بۆ دابینکردنی گەراج.
کاسبکاران دەڵێن، شەقامەکانی نێو بازاڕ بە تەواوەتی بەسەر وەستانی ئۆتۆمبێلدا داخراون، ئەمەش ئاستەنگی بۆ هاتووچۆ و کاری رۆژانەیان دروستکردووە.
سیروان، دووکاندارێکی نێو بازاڕی رەواندزە، بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، "من و سێ شاگرد لە دووکانێکداین و ماڵمان 25 خولەک لە بازاڕەوە دوورە، بە یەک ئۆتۆمبێل هاتووچۆ دەکەین، کەچی رێگەمان پێ نادەن رایبگرین. شارەوانی هیچ گەراجێکی لەنێو شاردا تەرخان نەکردووە؛ داوا دەکەین شوێنی وەستاندنمان بۆ دابین بکەن."
لە بەرامبەردا، ئەحمەد قادر، قایمقامی قەزای رەواندز لە لێدوانێکدا بۆ رادیۆی رووداو هۆکاری بڕیارەکەی بۆ کەمکردنەوەی جەنجاڵی لە سەنتەری قەزاکە گەڕاندەوە و گوتی، "بڕیارەکە لەپێناو رێکخستنی هاتووچۆدایە تاوەکو رێگاکان نەخنکێن. لە هەمان کاتدا لەگەڵ شارەوانی و بە هەماهەنگی لەگەڵ پۆلیسی هاتووچۆ لەسەر هێڵین بۆ دروستکردن و تەرخانکردنی گەراج، هەروەک چۆن لە سۆرانیش سەرەتا گەراج نەبوو، بەڵام ئێستا دەیان گەراج هەن."
قایمقامی رەواندز جەختی لەوەش کردەوە، پێویستە کاسبکاران لە داهاتوودا ئۆتۆمبێلەکانیان لە گەراجەکاندا رابگرن و ئیدارەی قەزاکەش پەلە دەکات لەوەی بە زووترین کات زەوی و شوێنی گونجاو بۆ دروستکردنی گەراج بۆ هاووڵاتییان و کاسبکاران دابین بکات.

