رووداو دیجیتاڵ
بەکارهێنانی پەڕەی قورئان و تەفسیر لە دروستکردنی بەرگی مەلزەمەی زیندەزانیی پۆلی 12ـی ئامادەیی سەر بە قوتابخانەی ژیاری ناحکومی، ناڕەزایەتیی قوتابیانی لێکەوتەوە و رەتیدەکەنەوە بیخوێنن؛ بەڕێوەبەری بەشی چاپی قوتابخانەکەش رایدەگەیێنێت، کارەکە لە چاپخانەیەکی ئێران کراوە و کارەکانیان لەگەڵ ئەو چاپخانەیە رادەگرن.
زانا مەحموود، قوتابیی پۆلی 12ـی زانستی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئێمە بۆ خوێندنی وانەی زیندەزانی پشتمان بە مەلزەمەی قوتابخانەی ژیار دەبەست، بەڵام ئێستا زانیومانە لە دروستکردنی بەرگی مەلزەمەکەدا پەڕەی قورئان بەکارهاتووە؛ هەرچەندە مەلزەمەکە یەکێکە لە پڕفرۆشترینەکان لە هەرێمی کوردستان، بەڵام چیدی ئامادە نین بەکاریبهێنین."
قوتابخانەی ژیار: کارەکانمان لەگەڵ ئەو چاپخانەیە رادەگرین
وڵات علی، بەڕێوەبەری بەشی چاپ لە قوتابخانەی ژیاری ناحکومی بە رووداوی راگەیاند، بەهۆی گونجاوی نرخەوە لە تاران مەلزەمەکانیان چاپ دەکەن و ئەوانیش بەم کارە نیگەران بوون.
وڵات محەممەد روونیکردەوە کە دوای بەدواداچوونیان، چاپخانەکە پێی راگەیاندوون: "ئەوان کتێبی قورئان چاپ دەکەن، ئەو پەڕانەی لە کاتی چاپدا تێکدەچن، لەباتی سووتاندن، ریسایکڵینیان دەکەنەوە و بۆ بەرگی پەرتووک و مەلزەمە بەکاریاندەهێننەوە؛ بە گوتەی ئەوان لە روانگەی مەزهەبی شیعەوە ئەمە ئاساییە و بە مەبەستی بێڕێزیکردن نەبووە."
بەڕێوەبەری بەشی چاپی قوتابخانەی ژیار ئاماژەی بەوەش کرد، داوایان لە قوتابیان کردووە مەلزەمەکانیان بگەڕێننەوە بۆ ئەوەی بەرگی سپییان بۆ دابنێن، هاوکات گوتی: "85٪ـی کارەکانمان لەگەڵ ئەم چاپخانەیە رادەگرین و هەوڵدەدەین لەمەودوا چاپەکانمان لەنێوخۆی هەرێمی کوردستان بکەین."
چاپخانەی ئەسرا لە تاران: بە فەتوای مامۆستایانی ئایینی کراوە
لای خۆیەوە، جاهیدی، بەڕێوەبەری چاپخانەی "ئەسرا" لە تارانی پایتەختی ئێران بە رووداو رایگەیاند: "ئەو کارە بە مەرج و بە فەتوای مامۆستایانی ئایینی کراوە و هیچ مەبەستێکی سووکایەتیکردن بە قورئان یان هیچ مەزهەبێک لە ئارادا نەبووە."
بەڕێوەبەری چاپخانەکە ئاماژەی بەوەش کرد کە ئێستا بەکارهێنانەوەی پەڕەی قورئان و تەفسیریان بۆ چاپی پەرتووک راگرتووە، هۆکاری بەکارهێنانەوەی پەڕەی کتێبەکانی دیکەشی بۆ "قەیرانی ئابووریی ئێران و دەستنەکەوتنی پەڕەی سپی" گەڕاندەوە.
مەلزەمەی زیندەزانیی پۆلی 12ـی قوتابخانەی ژیاری ناحکومی، یەکێکە لە مەلزەمانەی بەشێک لە قوتابیان لە هەرێمی کوردستان پشتی پێ دەبەستن و تاوەکو ئێستا هەشت جار چاپکراوەتەوە.

